جەخت لەسەر وێرانكردنی كەعبە دەكاتەوە
داعش خوێندنی قورئان لە مزگەوتەكان قەدەغە دەكات

پۆلیسی پارێزگای ئەنبار رایگەیاند: گروپی داعش رێگە لەوە دەگرێت لەمزگەوتەكاندا قورئان بخوێنن‌و رێگە بەوەش نادات رێوەڕەسمی تەعزێ بۆ مردوو دابنرێت.

بەپێی راپۆرتێكی سۆمریە نیوز، چەكدارانی داعش پاش دژایەتی زۆر لەگەڵ خەتیبی مزگەوتەكان رێگەیان پێنادەن بچنە مزگەوت‌و قورئان بخوێنن‌و ئەمەش بە "بدعت" ناولێدەبەن.

بەپێی ئەو هەواڵە داعش هەروەها رێگەی لەو گرتووە خەڵك پرسە‌و تەعزێ بۆ مردووەكانیان دابنێن.

لەلایەكی ترەوە "مەدا پرێس" بڵاویكردەوە كە ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی داعش، جەختی لەسەر روخاندنی كەعبە كردوەتەوە‌و لەمبارەیەوە وتویەتی كە موسڵمانان كەعبە دەپەرستن‌و خوای كەعبەیان لەبیرچووە‌و عەقیدەی ئیسلامی رێگە بەوە نادات پرستشی بەرد بكرێت.

یەكێكی دیكە لەبەرپرسانی داعش وتوویەتی حاجیەكان بۆ پەرستنی بەرد دەچنە مەككە‌و چوونیان بۆ عیبادەتی خودا نیە‌و دەبێت كەعبە وێران بكرێت.



PM:04:58:13/07/2014