کازمی ٢ ملیار دینار بۆ یارمەتی هەولێر دەنێرێت.. پارێزگاری شارەکە رەتیدەکاتەوە


سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیارە دەدات بڕی دوو ملیار دینار لە بودجەی کارەساتەکان، وەک کۆمەک بۆ قەرەبووانی لافاوەکەی هەولێر رەوانەی هەرێم بکات، بەڵام ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رەتیدەکاتەوە.

 لەراگەیەندراوێکدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی سەرۆک وەزیرانەوە لەگەڵ ناڕەزایی دەربڕین، دەڵێت "
دوای ئەوەی ئەو کارەساتەی لەڕۆژی هەینی ١٧/١٢/٢٠٢١ بەهۆی لافاوەوە بەسەر شارەکەمانداهات، کە سەرەڕای زیانی گیانی قەبارەی زیانە مادیەکانیشی زۆر گەورە بوون ئەوە جگە لەزیانەکانی کەرتی گشتیی کە تەنها زیانی هاوڵاتییانی زەرەمەند بەبڕی ٢٠ تاوەکو (21) ملیار دینار خەمڵێندراوە، بۆیە بۆ بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان وەک مافێکی یاسایی خۆمان داواکاریمان پێشکەش بە حکومەتی عێراقی فیدراڵ کرد تاوەکو لەبودجەی فریاکەوتن کە مانگانە لە بودجەی دیاریکراوی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت ئەو بەشەی کەمافی هەرێمی کوردستانە بۆمان بیگەڕێنەوە".

پاڕیزگاری هەولێر دەشڵێت " بەداخەوە ئەمڕۆ ٢١/١٢/٢٠٢١ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدرال بڕیاردراوە بڕی (٢) ملیار دینار بۆ هەولێر بنێردرێت، کە ئەمەش بەهیچ شێوەیەک لە چاوەڕوانی ئێمەدا نەبوو لەبەرامبەر قەبارەی ئەو زیانە گەورەیەی بەهۆی کارەساتێکی سروشتییەوە بەسەر شارەکەمان داهاتووە".

ئومێد خۆشناو دەڵێت " بۆیە وێڕای ئەوەی ئەوپەڕی ناڕەزایەتی خۆمان بەرامبەر بەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ دەردەبڕین، پێمان وایە ئەو بڕیارە بەهیچ شێوەیەک لە ئاستی چاوەڕوانی و قەبارەی زیانەکان نییە، سەرەڕای ڕەتکردنەوەی ئەو بڕەی بۆمان دیاریکراوە کە بەهیچ شێوەیەک وەریناگرین، بێ هیوابوونی خۆمان لەهاوکاریکردنی حکومەتی عێراقی فیدراڵ نیشان دەدەین و ئەو بڕە پارەیەش قەبوڵ ناکەین، دەخوازین ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ چاوو بە بڕیارەکەیان بخشێننەوە، چونکە ئەوەی داوامان کردووە مافێکی یاسایی ئێمەیە و بەخێر پێمان نادرێتن کە مانگانە بەناوی خەرجی سیادی لە بودجەی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت و ئێستاش لەوکاتەی کە پێویستمان پێیەتی دەبێت بۆمان بگەڕێننەوە".

ئەوە لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێم مانگانە چاوەڕوانی بەغدا دەکات ٢٠٠ ملیار دینار بنێرێت، تا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی پێ تەواو بکات، ئەگەر مانگێکیش دوا بکەوێت، هەرێم ناتوانێت مووچەی تەواوی وەزارەتەکان لەو مانگەدا بدات. 



PM:10:21:21/12/2021