سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو: ناردنی (٢٠٠) ملیار دینارەكەی بەغداد بەردەوام دەبێت

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت" ناردنی (٢٠٠) ملیار دینارەكەی بەغداد تا پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی نوێ بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت". 

شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا بە سایتی (کوردیو)ی ڕاگەیاند" لە ئێستادا ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەند نەكراوە و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقی كاتی دەوێت و ئەوەش كاریگەری لەسەر پرۆژە یاسایی بودجەی ساڵی (٢٠٢٢)ی عێراق دەبێت". 

ئەوەشی خستەڕوو، پرۆژەی یاسایی بودجەی ساڵی (٢٠٢١)ی عێراق تاوەكو پەسەندكردنی پرۆژەیاسایی بودجەی ساڵی نوێ بەردەوام دەبێت و بەو پێیەش بێت حكومەتی عێراق لە ناردنی (٢٠٠) ملیار دینارەكە بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، ئێمە وەك یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە هەموو لایەنەكان زیاتر سوورین لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی خۆیدا، چونكە بابەتی هەڵبژاردن مافی خەڵكە نابێت زەوت بكرێت.

وتیشی" پارتی پلانی هەیە تەمەنی ئەم حكومەتە شكستخواردووە درێژ بكاتەوە و ئێمە ئاگادارین كە كاری جددی دەكات و پلانی ووردی هەیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخرێت بە پاساوی ئەوەی ساڵێك كۆرۆنا لەهەرێم هەبووە و ساڵێكیش حكومەت درەنگ پێكهێندراوە.


AM:11:39:26/12/2021