سپی زانیاری ورد لەسەر گفتوگۆی پشتپەردەی دانانی سەرۆک کۆمار لەنێو یەکێتیدا بڵاودەکاتەوە

کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە دوو رۆژی لەسەر پرسی کوردو بەغدا خایاند، نەچوون بەلای پرسی دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بەڵام لەپشت پەردەوە گفتوگۆویەکی گەرم لەسەر ئەو پرسە لەئارادایە.
مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەسەر ئەم پرسە دوو ڕان، رایەکیان لەگەڵ کاندیدکردنی بەرهەم ساڵحدایە کە پێدەچێت زۆرینە بێت، رایەکی تر کە زۆرینە نییە، لەگەڵ کاندیدکردنی کەسێکی تردان، لەوانەی ناویشیان دێت نەجمەدین کەریم و عومەر فەتاح و فواد مەعسوومە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند کە قسەکانی چاوپێکەوتنەکەی شاناز ئیبراهیم بەرپرسی ناوەندی دەرەوەی رێکخستنی یەکێتی لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی کە دەڵێت" پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ که‌سێک نابێت له‌ڕۆژانی ته‌نگانه‌دا پشتی له‌یه‌کێتی کردبێت‌و بیه‌وێت له‌به‌غداوه‌ دڵسۆزی خۆی بۆ یه‌کێتی نوێبکاته‌وه"، بێزاری و نارەزایی لەلای زۆرێک لە ئەندمانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دروستکردووە لەپێش هەمووشیانەوە کۆسرەت رەسووڵ جێگری سکرتێری یەکەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
بەپێی ئەو زانیاریانە کۆسرەت رەسوڵ نیگەرانەوە لەوەی کە کادرێکی خوارەوە چۆن ماف بەخۆی دەدات دەستی هەبێت لەدانانی کەسێک بۆ پۆستێکی وا هەستیار.
ئەو سەرچاوەیە نەیشاردەوە کە کۆسرەت رەسوڵ، بەرهەم ساڵح بە شایستەی ئەو پۆستە دەزانێت و ، لەنێو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی کەسانی نزیکی هێرۆ ئیبراهیمیش لە مەکتەبی سیاسی پشتگری بەرهەم دەکەن.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەکرد کە رای هێرۆ ئیبراهیم و بنەماڵەی تاڵەبانی لەگەڵ قسەکانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دان ( واتە لەگەڵ کاندید کردنی بەرهەم ساڵحدا نین).
ئەمە لەکاتێکدایە کە بەرهەم ساڵح لەکاندیدکردنی قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەوی پەسەندکرد بەسەر حاکم قادر حەمەجان کە وا پیێناس دەکرا کەنزیکی ئەون.
سەبارەت بە د. نەجەمدین کریم سەرچاوەکەی سپی باس لەوە دەکات کە ناوبراو لەچەند شوێنێک باسی کردووە کەئەو پشتگیری بەهێزتری هەیە لە بەرهەم ساڵح و وتوویەتی " لەنێوان شیعەکانیشدا بەتایبەتی مالکی پشتگیری دەکات بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە".
هەرچی فواد مەعسوم ئەندامی پیشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتیە، ئەویش لەپشت پەردەوە ناوی دێت وەک یەکێک لە کاندیدەکان. لەکاتكیدا خۆی بەسەفەرێک لەدەرەوەی وڵاتە لە لەندەنە.
عومەر فەتاح کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی زیاتر لەلایەن بنەماڵەی تاڵەباییەوە ناوی دێت وەک کاندید بۆ ئەو پۆستە.
بەپێی زانیاریەکانی سپی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر دژی د. نەجمەدین  کەریمن ئەو پۆستە وەربگرێت و ناهێڵن ببێتە سەرۆک کۆمارو بەناچاری پشتگیری لەبەرهەم ساڵح دەکەن کە پەیوەندییەکی باشیشی لەگەڵ بارزانیدا هەیە.
گۆڕانیش وەک ‌‌هێزی سێهەم لەسەر ئاستی عێراق ئەو پرسە بەکارێکی ناوخٶیی یەکێتی دەزانێت و بڕیاری داوە دەستوەرنەداتە کاروباری یەکێتیەوە. 
   



PM:01:04:14/07/2014