كۆمه‌ڵ داوای‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ رێنماییه‌كانی‌ كۆبۆنی‌ به‌نزین ده‌كات

فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ له‌یاداشتێكدا رایده‌گه‌یه‌نێت وەزیری سامانە سروشتییەکان بە پێچەوانەی ڕاسپاردەكانی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ڕێنمایی پێدانی کۆبۆنی داناوە‌و داوای‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و رێنماییانه‌ ده‌كات.

ده‌قی‌ یاداشته‌كه‌:

بۆ بەڕێزان/ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
یاداشتێک دەربارەی نرخی بەنزین و ڕێنماییەکانی وەرگرتنی کۆبۆن

پاش بڵاوبونەوەی فەرمانی وەزاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ( ژمارە 8694 لە 10/7/2014 ) دەربارەی نرخی بەنزین و مەرجەکانی پێدان کۆبۆن بەشۆفێران، دەرکەوت ئەو ڕاسپاردانەی کەلە (7/7/2014) لە بانگێشتی وەزیری سامانە سروشتییەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان پاش (7) کاتژمێر لەگفتوگۆ پێیگەشتین، بەڕێز وەزیری سامانە سروشتییەکان بە پێچەوانەی ئەو ڕاسپاردانەوە ڕێنمایی پێدانی کۆبۆنی داناوە، بۆیە وەک ئەوەی لەپەرلەمان پێیگەشتین پوختەی بۆچونی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لەوبارەوە، دەخەینە ڕوو:
1- بەلەبەرچاوگرتنی ئەم قەیرانە داراییەی بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووەو قورسایی زۆری خستۆتە سەر هاوڵاتیان، پێویستە پێداچونەوە بەزیادکردنی نرخی بەنزیندا بکرێت.
2- پێویستە پێدانی کۆبۆن بۆ هەموو شۆفێرانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان و ئەو هاوڵاتیانەش بێت کە فۆڕمی خۆراکیان (مادەی 140 )ە بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی ساڵانەی ئۆتۆمبیل بەناوی خۆیانەوە بێت.
3- بۆ هەر ئۆتۆمبیلێکی تایبەت لەهەفتەیەکدا یەکجار تەنکی بەنزینەکەی پڕ بکات و بۆ ئۆتۆمبیلی گواستنەوەی گشتیش لەهەفتەکەدا دوو جار تەنکی بەنزینەکەی پڕ بکات.
4- ئۆتۆمبیلێکی زۆر گواستنەوەی تایبەتن و تابلۆکانیان زەردە پێویستە پێدانی بەنزینی هەفتانەیان بکرێت بە 75 لیتر لەهەفتەیەکدا نەک 50 لیتر.
5- دەرکردنی ڕێنمایی نوێ تەنها بۆ (2) مانگ بووە نەک تاکو کۆتایی هاتنی قەیرانەکە.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم (5) خاڵە داوا لەبەڕێزتان دەکەین ڕێکاری پێویست بگیرێتە بەر بۆ ڕەدکردنەوەی ئەو فەرمانە وەزارییەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کەلەبەرژەوەندی هاوڵاتیاندا نییەو نیگەرانی زۆری لێکەوتۆتەوە.
فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی



PM:02:07:14/07/2014