"ساڵی داهاتوو مەترسی لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نابێت"

ئەندامێکی خولی چوارەمی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ساڵی داهاتوو لە رووی ئابوورییەوە زۆر باشتر دەبێت لە (٢٠٢١ و ٢٠٢٠ و ٢٠١٩) و مەترسیش لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نابێت". 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ جەمال کۆچەر، ئەندامی خولی چوارەمی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەبارەی بوونی مەترسی لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ئایندە بە (ڕووداو)ی راگەیاند" بە تێڕوانینی من مەترسی لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نابێت، چونکە هەرێمی کوردستانیش هەمان ئەو داهاتەی هەیە کە حکومەتی عێراق پشتی پێدەبەستێت، تەنانەت لە هەرێمی کوردستان هەندێک لەو داهاتانە بەراورد بە عێراق زیاتر کۆنترۆكراون".
 
ئەوەشی خستەڕوو، هەردوو حکومەت نەوتیان هەیە، هەردوو حکومەت باج وەردەگرن، باج لە هەرێمی کوردستان زیاتر و رێکوپێکترە لە عێراق، داهاتی خاڵە سنوورییەکان هەن، کۆنترۆڵی داهاتی خاڵە سنوورییەکان لە هەرێمی کوردستان زیاترە، بۆیە بە بڕوای من لە هەرێمی کوردستان مسۆگەرترە بەراورد بە عێراق، چونکە هەمان داهاتی هەیە و بەڵکو زیاتریشە. 
 
ئەندامەکەی خولی چوارەمی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشکرد، ساڵی داهاتوو زۆر باشتر دەبێت لە ساڵەکانی (٢٠٢١ و ٢٠٢٠ و ٢٠١٩)، بە پێی خوێندنەوە ئابووریانەی ئێمە لەو بڕوایەدانیم دەستکاری بەهای دۆلار بکرێت، چونکە دەستکاریکردنی وادەکات سەرۆکوەزیر و حکومەتی داهاتوو لاواز بکات و پێویستیان بە (٤٠) ترلیۆنی دیکە بێت، بۆیە ناتوانن گۆڕانکاری لە بەهای دیناری عێراق بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بکەن. 


PM:07:22:30/12/2021