هاتووچۆی سلێمانی په‌یامێك ئاراسته‌ی چێشتخانه‌ و شوێنی نیشته‌جێی سیتیه‌كان ده‌كات

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا داوا لە چێشتخانە و خواردنگە خێراکان - فاست فوود- لەگەڵ ئاپارتمان و شوێنی نیشتەجێی سیتییەکان دەکات، کە شۆفێری ئەو ماتۆڕسکیلانەی لە لایان کار دەکەن پابەند بکەن بە چەند ڕێنماییەکەوە.   

دەقی ئاگادارییەکە:   

لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و سەلامەتی لە رووداوەکانی هاتووچۆ و پاراستنی سیمای شار. داواکارین لە بەڕێزتان شۆفێری ئەو ماتۆڕسکیلانەی لەلاتان کار دەکەن پابەند بن بەم خاڵانەی لای خوارەوە:  

١ - پێویستە ئەو شۆفێرانەی لەلاتان کار دەکەن وەک ( شۆفێری ماتۆڕسکیل) مۆڵەتی لێخوڕینیان هەبێت و ئەوانەی بەدەستیان نەهێناوە، بەڕێوەبەرایەتیمان لە چوارچێوەی یاسا هاوکاریان دەبێت لە بەدەستهێنانی ئەو مۆڵەتە یاساییە وە تاکو بەرواری 1/2/2022 ماوە ھەیە کە بێن بەرەو پیری ئەم بانگەوازەوە ومۆڵەتی لێخورینی ماتۆرسکیل بەرێکارە یاساییەکان بەدەست بێنن.  

٢ - پێویستە شۆفێرەکان هۆکارەکانی سەلامەتی پەیڕەو و بەکار بهێنن وەک کڵاوی سەرپارێز و دەستکێش و پارێزگاری کردن لە ئەنیشک و کڵاوەی ئەژنۆ.وە تاکو بەرواری 3/1/2022 کاتیان لەبەردەستە  بۆ دابین کردنی ئەم کەرەستانە کە سەلامەتی ئەو شۆفێرانەی پێوە بەندە.بەڵام  بەردەوام ولەوماوەیشدا ھەرسەرپێچیێکی ھاتوچۆییان لێ بەدی بکرێت وەک پابەند نەبوون بەترافیکلایت یاخود رۆیشتن بەپێچەوانەی ئاراستەی شەقام یان لێخورینی ماتۆرسکیل لەلایەن مێردمنداڵ ولەخوار تەمەنی یاسایی وسەرپێچییەکانی دیکەی یاسای ھاتوچۆ  ئەوا لێپرسینەوە بەپێی یاسا ودەستگرتن بەسەر ئەو ماتۆرسکیلە لەلایەن مەفرەزەکانی ھاتوچۆ پەیرەو دەکرێت .  

٣ - پێویستە ماتۆڕەکان سەرجەم مەرجەکانی توندوتۆڵیان تیادابێت وەک ڕووناکییەکانی پێش و دواوەو فلاشەرەکان و ئیستۆپ و نابێت بەهیچ شێوەیەک دەنگی صالنصاکانیان بەرزو بێزارکەر بێت واتە ئاسایی بێت. ھەروەھا پێویستە ماتۆرسکیلەکانیان کۆدێکی روون وخوێندراوی پێوە بێت بەمەبەستی ناسینەوەیان .  

٤ - لای خۆتانەوە شۆفێرەکانتان هان بدەن و ڕێنماییان بکەن بە پابەندبوون بە یاساکانی هاتووچۆ و لەوانەش پابەندبوون بە گڵۆپی ترافیک لایت و ئاماژە دەستییەکانی کارمەندانی هاتووچۆ و دوورکەوتنەوە لە ڕۆیشتن بە پێچەوانەی شەقام و پێشبڕکێ لەسەر شەقامەکان و هەر کارێکی مەترسیدار و سەرپێچی دیکە.  

٥ - ھەرەوھا سەبارەت بە ئەپارتمان و جێگا سیتی یەکانی نیشتە جێ بوون  داوا لەئیدارە وبەشی سیکێورەتییەکانیان دەکەین کەھاوکارمان بن لەسەرخستنی ھەڵمەتی رێکخستنی کاری ماتۆرسکیلەکان کەرێگا نەدەن بەو شۆفێرانەی ماتۆرسکیلی دیلیڤەرییان پێیە وھۆکارەکانی سەلامەتی بەکارناھێنن وەک کڵاوی سەرپارێز وپارێزگاری لەئەنیشک وکڵاوەی ئەژنۆ بێنە ناو سنووری ئەپارتمان وستییەکانیان.  

٦ - بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی جەخت لەوە دەکات ئامانجمان دروستکردنی گرفت و ئاستەنگ نییە بۆ بژێوی هاوڵاتییان یاخود دەست بەسەرداگرتنی ماتۆڕسکیلەکانیان ،بەڵکو ئامانجمان فەراهەمکردنی رەوشێکی ئارام و لەبار لەسەر شەقامەکان و نەهێشتنی دیاردە نەشیاوەکان و سەرپێچی و بێزارکردنی هاوڵاتییان بە ژاوەژاوی ئەو ماتۆڕسکیلانەو پاراستنی ژیانی هاوڵاتییان بە گشتی و بەتایبەتیش خودی شۆفێری ماتۆڕسکیلەکانە لە ڕووداو و کارەساتەکانی هاتووچۆ.  

هیوادارین هەمووان هەماهەنگ و هاوکارمان بن لە پێناو ئەو ئامانجە پیرۆزە و دڵنیاتان دەکەینەوە کە بژاردەی سزادان و دەست بەسەرداگرتن بەسەر ماتۆڕسکیلەکان دوایەمین بژاردەیە لامان کە بەناچاری دەیگرینە بەر ، ھاوکاریتان مایەیی رێزوپێزانینمانە.  

تێبینی: ژمارەی هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ١٨٨ کۆنترۆڵی هاتووچۆی سلێمانی و ژمارە ١٠٠ سەنتەری ڕێکخستنی پەیوەندییەکان JCC  


PM:08:00:30/12/2021