مەسعود بارزانی بەشی زۆری پەیامی ساڵی نوێی بۆ دۆخی عێراق تەرخان کرد

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی ٢٠٢٢ ەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە کە بەشی زۆری بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ و دۆخی عێراق تەرخان کردووە.

لەو پەیامەدا کە ئەمڕۆ هەینی ٣١ ی کانوونی یەکەم بڵاوکرایەوە لەسەر دۆخی کوردستان دەڵێت" هیوادارم ساڵی تازە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ بێت بۆ باشتربوونی گوزەرانی خەڵك و بەدیهاتنی سەقامگیری و پێشكەوتنی زیاتر بۆ گەلەكەمان".

  
دەقی پەیامی مەسعود بارزانی:
 
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
 
بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینییەوە پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم. هیوادارم ساڵی تازە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ بێت بۆ باشتربوونی گوزەرانی خەڵك و بەدیهاتنی سەقامگیری و پێشكەوتنی زیاتر بۆ گەلەكەمان. بە پێویستی دەزانم سوپاسی خۆم ئاراستەی هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكان و هەموو خەڵكی كوردستان بكەم كە هەردەم بە قوربانیدان و خۆڕاگریی خۆیان، لەبەرانبەر هەڕەشەكان و تیرۆر و ئابڵۆقەدا وەستاونەتەوە و پارێزگارییان لە كوردستان كردووە. ئەركی سەر شانی هەموو دامودەزگا و لایەنە سیاسییەكانە لەئاستی قوربانیدانی گەلەكەماندابن و پێكەوە و بە هیمەتی هەموو لایەك پارێزگاری لە دەستكەوتەكان و مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن.
 
هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەڵبژاردنێكی باش بوو و ئەنجامەكانیشی دەرخەری ویست و ئیرادەی هاووڵاتیان بوو. دوای پەسەندکردنی ئەنجامەكان لە لایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە پێویستە هەنگاو و نەریتە دەستوورییەكان بۆ پێكهێنانی کابینەی نوێی حكوومەت و دەزگاكانی تر خێراتر جێبەجێ بكرێن و، بووژانەوە و خزمەتگوزاری و، ماف و ویستی هاووڵاتیان و سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق بكرێتە ئەولەویەتی بەرنامەكانی حكوومەتی داهاتوو. ئەویش لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی هەر سێ پڕەنسیپی شەراكەت و سازان و هاوسەنگی لە حوكمڕانیدا. هاوكاتیش نابێ چیتر هەوڵی پەراوێزخستنی ھیچ پێكهاتەیەکی عێراق لە حوكمڕانیدا بدرێت.
 
بە بۆنەی سەری ساڵی ٢٠٢٢ـی زایینییەوە جارێكی دیکە جەخت لە پەیامی ئاشتیانە و فەرهەنگی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەكەینەوە و، پێویستە هەموو لایەك بە باشی لەوە تێبگەن كە عێراق و ناوچەكەمان چیتر بەرگەی كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و توندڕۆیی و ناسەقامگیری ناگرێت. ئەركی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیشە بۆ پاراستنی ئاشتی و دادپەروەری و ئاساییش هۆكارێكی یارمەتیدەر بێت، بۆ ئەوەی چیتر لەمە زیاتر گەلانی ناوچەكە و خەڵكی بێتاوان تووشی نەهامەتی و وێرانكاری نەبن.
 
لەساڵی تازەدا بەهیوای ئەوەی ئاشتی و پێكەوەژیان باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت و، ئومێدی خێر و خۆشی بۆ گەلی كوردستان دەخوازم. لە خودای گەورە داواكارم گەلەكەمان لە هەموو جۆرە پەتا و نەخۆشی و نەهامەتی و كارەساتێک بە دوور بگرێت.
 
مسعود بارزانی



PM:04:15:31/12/2021