"پێویستە دەرماڵە بدرێتە خوێندکاران"

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان لەگەڵ لیژنەكانی مەكتەبی ئیدارە و دارایی گشتی یەكێتی بەمەبەستی بەدواداچوون و تاوتوێكردنی ھەنگاوەكانی نۆژەنكردنەوە و دابینكردنی پێداویستییەكانی خوێندكاران كۆبووەوە.

 

ئەمڕۆ ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، بەمەبەستی بەدواداچوون و تاوتوێكردنی ھەنگاوەكانی نۆژەنكردنەوە و دابینكردنی پێداویستییەكانی خوێندكاران و بۆ جێبەجێكردنی پێداویستییەكانی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی سنووری (سلێمانی، هەڵەبجە، كەركوك، خانەقین، كۆیە، هەڵەبجەی تازە، پێنجوێن، كەلار، ڕانیە، تەقتەق، قەڵادزێ، دوكان، چوارتا، دەربەندیخان، كفری، چەمچەماڵ و سەیدسادق)، بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان لەگەڵ لیژنەكانی مەكتەبی ئیدارە و دارایی گشتی یەكێتی كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی وێڕای ئەوەی لەنزیكەوە گوێبیستی سەرجەم لیژنەكان بوو لەبارەی چۆنێتی كاركردنیان و دابینكردنی پێداویستییەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان، ھانیدان لیژنەكان لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا كارەكان تەواو بكەن و تەواوی كەموكوڕییەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان پڕبكەنەوە، هەروەها دڵنیایدا  لە جێبەجێكردنی پێداویستییەكان و پڕكردنەوەی ئەو كەمووكوڕییانەی لە زانكۆ و پەیمانگاكاندا هەبووە.


جەختیش لەوەدەكەنەوە، جگە لە پێداویستی و داواكردنی خوێندكاران، بەشێكی كارەكانی لیژنەكان داوای خوێندكاران نەبووە و ئەو كەموو كورتییانە بووە كە لیژنەكانی مەكتەبی ئیداری و دارایی هەستی پێكردووە و جێبەجێی كردوون.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕوونیكردەوە، دابینكردنی پێداویستی و نۆژەنكردنەوەی بەشەناوخۆییەكان و جێبەجێكردنی داواكانی خوێندكاران لەلایەن یەكێتییەوە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتییەوە بووە، تا ئەو بودجە و بڕە پارەیەی دیاریكراوە وەك پاڵپشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و چارەسەری گرفتی بەشە ناوخۆییەكان لەم سنوورانە بە تەنها تەرخانبكرێت بۆ بڕینەوەی دەرماڵەی خوێندكاران، لەژێر هەر ناوێكدا بێت پێویستە بدرێت بە خوێندكاران بەبێ جیاوازی كە مافێكی ڕەوای ئەوانە.

 



PM:09:16:31/12/2021