روونکردنەوەی لەسەر سازنەدانی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەدرێت

بڕیار بوو سبەی چوار شەممە مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی کۆببنەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە سازناکرێت، بەرپرسێکی پارتیش دەڵێت" کێشەکە تەکنینکییە ".

ئەحمەد کانی بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و بە میدیای حیزبەکەی راگەیاندووە، پارتی و یەکێتی رێککەوتوون بەیەکەوە بچنە بەغدا و ھیچ کێشەیەک لە نێوانیاندا نییە.

 دەربارەی دواخستنی کۆبوونەوەکە، کانی دەڵێت" دواخستنی کۆبوونەوەکەی هەردوولا تەکنیکییە و رەنگە پەیوەندی بە ناوخۆی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە ھەبێت".

وردەکاری زیاتر لەو بارەیەوە دەخاتەڕوو و دەڵێت"دواخستنی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی، تەکنیکییە و رەنگە پەیوەندی بە ناوخۆی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە ھەبێت، کە گۆڕانکاری ھەیە لە نێوخۆیاندا، ئەمانە کێشەی تەکنیکین و ھیچ کێشە و بەربەستێک لە نێوان پارتی و یەکێتیدا نییە بۆ دانیشتن و کۆبوونەوە، جا بەیانی بێت یاخود رۆژێکی دیکە، گرنگ ئەوەیە رێککەوتوون بەیەکەوە بۆ گفتوگۆی پێکھێنانی حکوومەتی عێراق بچنە بەغدا و داکۆکی لە مافەکانی گەلی کورد بکەن، کە ئەوەیان بۆ ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگە".  
  
ئەحمەد کانی کە ئەندامی سەرکردایەتی پارتیشە باس لەوە دەکات  کە شیعەکان لە ناوخۆیان ناکۆکی قوڵیان هەیەو، ھەموو لایەنەکانی شیعە و سوننەکانیش لە ساڵی ڕابردوودا زۆر ڕوویان لە ھەرێم کردووە و پێویستیان بەوە ھەیە ئەو لایەنە ناکۆکانە بگەنە یەک، ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە، مافی کورد بەپێی دەستوور گەرەنتی بکرێت، ئەوەش بەوە دێتە دی کە زۆربەی لایەنە کوردییەکان یەکڕیز و یەکدەنگ بن و بە یەک پاکێج بچنە بەغدا و پێداگیری لەسەر ئیستحقاقاتی ھەرێم بکەن".  



PM:01:33:04/01/2022