هەڤاڵ ئەبوبەکر: قاسمی سلێمانی مایەی رزق و رۆز و سەرکەوتنە


لە مەراسیمی یادی دوو ساڵەی کوژرانی قاسمی سلێمانی و مەهدی موهەندیس، پارێزگاری سلێمانی راگەیاند" قاسمی سلێمانی دەبێتە مایەی رزق و رۆزی و سەرکەوتن و سەرفرازی".

بە بەشداری کۆنسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی و بافڵ جەلال تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حیزبەکان و بەرپرسانی حکومی لە پارێزگای سلێمانی، یادی دوو ساڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی کرایەوە.

لەو مەراسیەمەدا هەڤاڵ ئەبوبەکر وتی " ئەمڕۆ رۆژی ماتەمینی نییە"، دەشڵێت، وەکو لە ئایەتەکەی قورئانی پیرۆزدا خوێندیەوە، "ئەم بەڕێزانە [قاسم سولەیمانی و هاوڕێکانی] و هەر کەسێک لە رێگەی دادپەروەری و ئاشتی و ئارامی و ئاوەدانی و ئازادیدا گیانی بەخت دەکات، زیندووە. هەموومان دەمرین، بەڵام شەهیدەکان، خوای گەورە دەفەرموێت کە ئەوانە بە زیندوویی دەمێننەوە، هەر زیندوویەکی ئاسایی نا، تەنانەت دەبنە مایەی رزق و رۆزی و سەرکەوتن و سەرفرازی، نەک بۆ خۆیان و خانەوادەکەیان و هێزە سیاسییەکەیان و دەوڵەتەکەیان، بەڵکو بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی".

لە درێژەی قسەکانیدا پارێزگای سلێمانی وتیشی" پێویستە ئەو رۆژە ببێتە "رۆژی جیهانیی ئاشتی و رۆژی دیالۆگی گەردوونی".  هەروەها "عێراق و بە تایبەت هەرێمی کوردستان ببێتە سەکۆ و مینبەری دیالۆگێک کە کۆتایی بە شەڕ و بەریەککەوتن و ئاشووب و ناکۆکییەکان بهێنێت".
 
هەروەها وتیشی "پێمانوایە ئەم رۆژە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی مرۆڤایەتییە دژی تیرۆر، یەکڕیزیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە لە هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و شەڕڤان و گەریلا و سوپای عێراق و دۆستەکانمان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەو بەشدارییانەی هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە سەرەتا و کۆتایی و سەنگەری دوایی تیرۆریستانی داعش لە عێراقدا رووبەڕووی بوونەوە".

 لە مەراسیمەکەدا عەدنانی حەمەی مینە عەدنانی حەمەی مینا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی وتاری یەکێتی خوێندەوەو قاسمی سلێمانی بە فەرماندە ناوزەدکرد و وتی " "هەمیشە فەزڵ و چاکەی دۆستانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەیاد ناکەین و بەردەوام ئەو وێنە باشانەی پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێرانمان لەبەرچاوە لە قۆناخە سەختەکان کە پێشکەشی خەڵکی کوردستانی کردووە".
 
لەبارەی رۆڵی سلێمانیەوە وتیشی " رۆڵی قارەمانانەی شەهید حاجی قاسم سولەیمانی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لەبیر ناکرێت، کە سەنگەر بە سەنگەر پشتیوانی بەسیج ئاسا و پێشمەرگانە بەهانای کۆششی هێزەکانی دژی داعشەوە هاتووە، لە رووی سەربازی و لۆجیستیەوە هەمیشە هیمەتی نواندووە، لەگەڵ جەنگاوەرانی کورد و عێراقدا تاوەکو کۆتاییان بەو رێکخراوە تیرۆریستیە هێناو جارێکی دیکەش ئارامی و ئۆقرەییان بۆ خەڵک گێڕایەوە".



PM:05:39:06/01/2022