سەندیکای کرێکارانی کوردستان ئاماری گیان لەدەست دانی کرێکارەکانی لەکاتی کارکردندا ڕاگەیاند

سەندیکای کرێکارانی کوردستان ئاشکرایکرد، لە ساڵی٢٠٢١دا  ١٧ کرێکار گیانیان لە دەستداوە یەکێکیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و یەکێکی دیکەش عەرەب بووە.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ی کانوونی دووەم، چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکاری کرێکارانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " لە ساڵی رابردوودا ١٧ کرێکار کە یەکێکیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و یەکێک عەرەب بووە لە کاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە ماوەی ئەو ساڵەدا بە دەیان کرێکار برینداربوون، بەڵام بە داخەوە خۆیان تۆمارناکەن بەهۆی ئەوەی لەلایەن خاوەن کارەوە لەگەڵیان رێکدەکەون لەبەرامبەر بڕێک پارە کە خۆیان تۆمارنەکەن لێدەکرێت".

 

وتیشی" لیژنەیەکمان هەیە بە ناوی لیژنەی سەلامەتی پیشەیی، کە لەلایەن قائیمقایەتی سلێمانییەوە کارا کراوەتەوە، کە لە رێگەی سەردانیکردنی پڕۆژەکانەوە پێدوایستییەکانی سەلامەتی پیشەیی دابین دەکات".

 

هەر لە کۆنگرەکەدا ناوبراو باسی ئەوەشیکرد، لە ساڵی رابردوودا ١٦٥٠ پڕۆژە بەسەرکراوەتەوە، کە چوار هەزار و ٩٩٠کرێکار کاریان تێداکردووە و لەو ژمارەیەش ٩٦٦ کرێکاریان ژن بوون.

 

وتیشی "لیژنەی سەلامەتی پیشەیی لە ساڵی رابردوودا هەزار و ١٠٠ پڕۆژەی بەسەرکردووەتەوە، کە زیاتر لە هەشت هەزار و ٣٢٥ کرێکار کاریان تێداکردووە، لە ئەنجامی سەردانەکانیشدا ئاشکرابووە لە کۆی ئەو ژمارەیە رێژەی ٦٠٪ی کرێکاران گرێبەستییان بۆ نەکراوە".



PM:03:09:09/01/2022