مەسعود بارزانی: سوپاسی ئەو لایەنانە دەکەم کە پابەندی بەڵێنەکانیان بوون


سەرۆکی پارتی بەبۆنەی هەڵبژاردنی نوێی سەرۆکایەتی نوێی پەرلەمانی عێراقەوە، سوپاسی ئەو لایەنانە دەکات کە پابەندی بەڵێنەکانیان بوون.( ئاماژەیە بۆ بوونی رێککەوتنێکی پێشوەختە).

لەو راگەیاندنەدا کە ئەمشەو سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانی بڵاویکردەوە دەڵێت" لێرەدا سوپاسی هەموو ئەو دۆست و لایەنە سیاسییانە دەكەم كە پابەندی بەڵێنی خۆیان بوون و بوونە هۆكاری سەركەوتنی پڕۆسەكە. بە دڵنیاییەوە ئەو هەنگاوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەرفەتێك دەبێت بۆ بەدیهێنانی یەكڕیزی و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی تازە و تێپەڕاندنی تەحەددیات و لێكتێنەگەییشتنەكان"

دەقی پەیامەکەی مەسعود بارزانی:
 
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
 
هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دوو جێگرەكەی هەنگاوێكی گرنگی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق بوو و، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە بەڕێزان محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و حاكم زاملی و شاخەوان عەبدوڵڵا دەكەم.
 
پیرۆزبایی لە هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و دەنگدەران و هاووڵاتیان دەكەم. ئەم هەنگاوە دەستپێكێكی زۆر باشە بۆ ڕاستەڕێكردنی پڕۆسەی سیاسی و بنەمایەكیشە بۆ دامەزراندنی داهاتوویەكی گەش و سەقامگیر و پتەوتركردنی دیموكراسی و شەراكەت لە عێراقدا.
 
لێرەدا سوپاسی هەموو ئەو دۆست و لایەنە سیاسییانە دەكەم كە پابەندی بەڵێنی خۆیان بوون و بوونە هۆكاری سەركەوتنی پڕۆسەكە. بە دڵنیاییەوە ئەو هەنگاوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەرفەتێك دەبێت بۆ بەدیهێنانی یەكڕیزی و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی تازە و تێپەڕاندنی تەحەددیات و لێكتێنەگەییشتنەكان. دەروازەیەكیش دەبێت بۆ دروستبوونی متمانەی نێوان پێكهاتەكان و ڕەگداكوتانی دەوڵەتی موئەسەسات.
 
مسعود بارزانی
٩ـی كانوونی دووەمی ٢٠٢٢



AM:12:39:10/01/2022