باڵیۆزخانەی ئەمریکا: بەهیواین حکومەتی نوێ رەنگدانەوەی ویستی گەلی عێراق بێت

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق بڵاویکردەوە کە، هیواخوازن سەرکردەکانی عێراق و په‌رله‌مانی نوێ دەستبکەن بە خێراکردنی پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و هاوكات حکومەتی نوێ رەنگدانەوەی ویستی گەلی عێراق بێت.

ئەمڕۆ ١٠ی کانوونی دووەم، باڵوێزخانەی ئەمریكا لە عێراق لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند هەڵبژاردنی پەرلەمانتاری سوونیی محەمەد حەلبووسی بە سەرۆكی پەرلەمان هەنگاوێكی گرینگە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دوای ٣ مانگ لە هەڵبژاردنەكان.

باڵوێزخانەی ئەمریكا هیوای خواستووە كە سەركردەكانی عێراق و نوێنەرانی نوێ لە پەرلەمانی تازە پەلە بكەن لە پێكهێنانی حكوومەت.

بە گرینگیشی زانیوە پارێزگاری لە دێموكراسی و پشتیوانی سەروەری نیشتمانی بكرێت و پێش بە ئاستەنگە نێوخۆیی و ناوچەییەكان بگیردرێت كە رووبەڕووی عێراق دەبنەوە.

هیواشیان هەیە كە كابینەی نوێ لەگەڵ پێكهێنانیدا رەنگدانەوەی ویستی گەل بێت كار بكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەتایبەت مافی مرۆڤ و ئاسایش و ئابووری.



PM:02:11:10/01/2022