نوێترین زانیاری سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی و یەكێتی لەسەر كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح

پارتی دیموكراتی كوردستان جارێكی دیكە سووربوونی خۆیان لەسەر پشتگیری نەكردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دووپاتكردۆتەوە، یەكێتیش وەفدێكی دیكە بۆ ئەو مەبەستە رەوانەی بەغدا دەكات.

ئێستا بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار چەند كوردێك خۆیان كاندیدكردووە لە دیارترینیان (بەرهەم ساڵح و د.لەتیف رەشید لەیەكێتی، هۆشیار زێباری لە پارتی، رێبوار عەبدولڕەحمان لە نەوەی نوێ، حاكم رزگار ئەمین وەك سەربەخۆ)، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق پشكی كوردە و لە نێویدا یەكێتی نیشتمانی كوردستان. 

دوێنێ مەكتەبی سیاسی پارتی بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی، سەرۆكی ئەو حیزبە كۆبووەوە و بەپێی زانیارییەكانی (ٍسپی) لە كۆبوونەوەكەدا پارتی لەسەر هەڵوێستی پێشوویان بۆ لابردنی بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆك كۆمار توندن و بڕیار دراوە ئەگەر یەكێتی بەرهەم ساڵح لە كاندید بوون بۆ سەرۆك كۆماری نەكشێنێتەوە، ئەوانیش سوور دەبن لەسەر دەرچوواندنی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بۆ سەرۆكایەتی كۆمار.

هەر بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەكە، ئەگەر یەكێتی بەرهەم ساڵح لە كاندیدی سەرۆكایەتی كۆمار بكێشێتەوە، ئەوانیش ئامادەن هۆشیار زێباری لە كاندید بوون بۆ سەرۆكایەتی كۆمار بكێشنەوە لە بەرژەوەندی كاندیدی نوێی یەكێتی.

سەرچاوەكە روونیكردەوە لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ كراوە سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق كە ئێستا هادی عامری، سەرۆكی رێكخراوی (فەتح)یش دەیەوێت بڕواتە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانێتییەی لە نێوان (مەسعود بارزانی، موقتەدا سەدر، محەمەد حەلبوسی)دا هەیە.

لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەیەكی باڵا لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە (ٍسپی) راگەیاند، ئەوانیش دوو رێگەیان لە بەردەمدایە یەكەمیان كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح یان بیگۆڕن بە كاندیدی نوێ د.لەتیف رەشید، بەڵام تائێستا نەگەیشتونەتە بڕیاری كۆتایی لەسەر كاندیدی یەكلاییكردنەوەیان، بۆ ئەو مەبەستە وەفدێك رەوانەی بەغدا دەكەن بۆ زانینی هەڵوێستی لایەنە سیاسییە عێراقییەكان.


AM:11:20:19/01/2022