نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لەعێراق: داعش هێشتا هەڕەشەیە

نوێنەرایەتی نەتەوە  یەکگرتوەکان لەعێراق یونامی ئاشکرایکرد، هێرشە تیرۆرستییەکەی دیالە ئاماژەی ئەوەیە کە داعش هێشتا هەڕەشەیە.

ئەمڕۆ هەینی ٢١ی کانوونی دووەم، نوێنەرایەتی نەتەوە  یەکگرتوەکان لەعێراق یونامی لەپەیامێکدا بڵاویکردەوە هێرشە تیرۆریستیەکەی دیالە کە بووە هۆی گیان لەدەستدان و بریندارکردنی سەربازە عێراقییەکان، ئاگادارکردنەوەی ئازاربەخشە کەوا ڕێکخراوی داعش هێشتا هەڕەشەیە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا باسی ئەوەشکراوە، وریایی و یەکڕیزیی شکست بەم هەوڵە ترسنۆکانە دەهێنێ کە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیرییە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ  چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر سەنگەرێکی سریەی یەکی فەوجی یەکەی لیوای دوو لە فیرقەی یەکی عێراق لە گوندی تاڵعە و ئوم کەرامی لە رۆژئاوای ناحیەی عوزێمی سەر بە قەزای خاڵس لە پارێزگای دیالە، هێرشەکەش بووە هۆی کوژرانی ١١ سەرباز و ئەفسەری عێراق.

 

 


 



PM:11:03:21/01/2022