بافڵ تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی دەکات

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە ٢٢ ی کانوونی دووەم بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پیرمام لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەسەر یەکلاییکردنەوەی پرسی سەرۆکی عێراق کۆببێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ماڵپەڕی " سپی " راگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی لەو کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ مەسعود بارزانی، داوا بکات پارتی هۆشیار زێباری وەک کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆکی کۆماری عێراق بکشێنێتەوە.

ئەو داوایەی بافڵ تاڵەبانی لە کاتێکدایە کە تا ئێستا مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان خۆی یەکلایی نەکردۆتەوە کە پشتگیری کام لە بەرهەم ساڵح و لەتیف رەشید دەکات و کوتلەکەی لە پەرلەمان عێراق پشتگیری دەکات و کار بۆ سەر خستنی دەکات، هەرچەندە لەتیف رەشید وەک ئاماژەی بۆ دەکات، خۆی وەک کاندیدێکی " سەربەخۆ " ناوزەد دەکات.

دەستنیشانکردنی کاندیدێکی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەبێت رەزامەندی مەسعود بارزانی لەسەر بێت، بەو پێیەی حیزبەکەی لە رێککەوتنێکی سێ قۆڵیدایە لەگەڵ سونەکان و تەیاری سەدری لەو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان بە تەواوی روونبووەوە، ئەو سێ لایەنە لە ئێستاشدا کار دەکەن بۆ ئەوەی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی عێراقیش بەرەزامەندی و رێککەوتنی هەر سێ لایەن بێت، گەر یەکێتی کاندیدێک دانەنێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کە رەزامەندی پارتی لەسەر بێت، ئەوا ئەگەر زۆرە کە ئەو هاوپێمانێتییە سێ لایەنە دەنگی پێنەدەن. 
 


 



AM:11:22:22/01/2022