سەرچاوەیەكی یەكێتی باس لە پلانیان لەئەگەری دەرنەچوونی بەرهەم ساڵح دەكات


بەرپرسێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەگفتوگۆیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەردەوامن و هیوایان ماوە و ئەگەریش بەرهەم ساڵح پۆستەكەی بەدەست نەهێنایەوە، پلانی جێگرەوەیان ئامادەیە.

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە (سپی)ی راگەیاند، هەریەك لە بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی حیزبەكەیان و قوباد تاڵەبانی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار سەردانی بەغدا دەكەن، جگە لەوەش هەندێك بەرپرسیان كە ساڵانێكی زۆرە لە بەغدا بەرپرسیارێتییان هەبووە ئێستا لە بەغدان بۆ وەرگرتنی رەزامەندی لایەنەكان بۆ پشتگیری لە بەرهەم ساڵح.

سەبارەت بەوەی تا چەندێك دڵنیان لەوەی بتوانن (نیوە+1)ی دەنگەكانی پەرلەمانی عێراق بۆ بەرهەم ساڵح بەدەست بێنن، ئەو سەرچاوەیە وتی "تائێستا نازانین بەدیاریكراوی چەند دەنگمان لەگەڵدایە، بەڵام خراپیش نین، بەڵام ئەوەی بەلامانەوە سەیرە، پارتیش هەموو هەوڵی خۆی بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە چڕ كردۆتەوە، لەكاتێكدا رێككەوتنی سێقۆڵیشیان هەیە".

دەربارەی ئەوەی ئەگەر یەكێتی ئەو پۆستەی بەدەست نەهێنایەوە، پلانیان چییە، ئەو بەرپرسەی یەكێتی دەڵێت، پلانی (B)یان ئامادەیە، بەڵام لەئێستادا و لەبەر هەستیاری دۆخەكە نایانەوێت ئاشكرا بكەن، بەڵكو ئەگەر كار گەیشتە ئەوە، لەماوەیەكی كەمدا دەتوانن جێبەجێی بكەن.

بڕیارە رۆژی 7ی ئەم مانگە، پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كۆببێتەوە هەریەكە لە بەرهەم ساڵح، كاندیدی یەكێتی، هۆشیار زێباریش كاندیدی پارتییە بۆ ئەو پۆستە لەگەڵ ژمارەیەك كاندیدی دیكەی كورد.



PM:10:13:02/02/2022