(سپی) پلانی داهاتووی یەكێتی لە ئەگەری دەرنەچوونی بەرهەم ساڵح ئاشكرا دەكات


یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەنیازە لە حاڵەتی دەرنەچوونی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، سەرنجی سەدر و سوننەكانیش رابكێشێت بۆ ئەوەی هەندێك پۆستی وەزارییان پێبدات و پارێزگاری كەركوكیش مسۆگەر بكەنەوە.

بڕیارە رۆژی 7ی ئەم مانگە، پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كۆببێتەوە هەریەكە لە بەرهەم ساڵح، كاندیدی یەكێتی، هۆشیار زێباریش كاندیدی پارتییە بۆ ئەو پۆستە لەگەڵ ژمارەیەك كاندیدی دیكەی كورد.

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە (ٍسپی)ی راگەیاند، ئەگەر یەكێتی پۆستەكە بەدەست نەهێنێتەوە، پلانی (B)یان ئامادەیە، بەڵام لەئێستادا و لەبەر هەستیاری دۆخەكە نایانەوێت ئاشكرا بكەن، بەڵكو ئەگەر كار گەیشتە ئەوە، لەماوەیەكی كەمدا دەتوانن جێبەجێی بكەن.

بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (ٍسپی) ئەگەر هاتوو هۆشیار زێباری پۆستی سەرۆك كۆماری بەدەستهێنا، ئەو وەفدەی یەكێتی كە سەردانی بەغدایان كردووە دەیانەوێت بەهەر شێوەیەكە بەرهەم ساڵح ئەو پۆستە بەدەست بهێنێتەوە، بەڵام ئەگەر بەدەستی نەهێنایەوە، دەیانەوێت متمانەی موقتەدا سەدر و سووننەكان بۆ خۆیان رابكێشن كە یەكێتی دەنگ بە كاندیدی سەدر و کابینەکەی دەدەن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران بەو مەرجەی هەندێك پۆستی وەزاری و پارێزگاری كەركوك بەدەست بهێننەوە تا پارتی غەدریان لێنەكات.



AM:12:08:03/02/2022