لێدوانی سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری سەبارەت بە سەربەخۆیی دەسەڵاتیان

سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەهەرێم دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە و شانبەشانی دەسەڵاتەكانی دیكە لەسەر بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان كار دەكەن و هەماهەنگی و هاوكارییەكی نزیك لەنێوانیاندا هەیە.

دادوەر عەبدولجەبار عەزیز، سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەریان  پێشوازیان لە شاندێكی یەكێتی ئەوروپا بە سەرۆكایەتی ماری پارێت، بەرپرسی نوسینگەی یەكێتی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان كردووە.

دادوەر عەبدولجەبار عەزیز، سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، لە هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە و شانبەشانی دەسەڵاتەكانی دیكە لەسەر بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان كار دەكەن و هەماهەنگی و هاوكارییەكی نزیك لەنێوانیاندا هەیە.
 
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە، سەرەڕای ئاستەنگ و كێشەكانی وەك تیرۆر و هەڕەشە ناوخۆییەكان، بەڵام هەرێمی كوردستان رەوشێكی سەقامگیری هەیەو بوەتە پەناگەیەكی ئارام بۆ هەمو لایەك و كلتوری پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان كلتورێكی بەهێزەو ئەمەش لە تایبەتمەندییە جوانەكانی هەرێم و گەلی كودستانە كە دیمەنێكی جوانی پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی جیاجیای لە هەرێمی كوردستان خولقاندوە.

هەروەها سەرۆكی شاندی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاندووە، هاوبەشی و شەریكایەتی نێوان وڵاتانی ئەوروپی و یەكێتی ئەوروپا و هەرێمی كوردستان هی ئێستا نییە و مێژویەكی دورو درێژی هەیە بەتایبەت لە شەڕی دژی تیرۆر و بەرجەستەكردنی بنەماكانی دیموكراسی و رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و بۆ ئەوان هەرێمی كوردستان تایبەتمەندی و جیاوازییەكی زۆری هەیە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.



PM:02:30:03/02/2022