ئەو ئافرەتەی ماوەیەك لەمەوبەر تەرمەكەی لە سلێمانی دۆزرایەوە، بە خاك سپێردرا


ئەمڕۆ لە گۆڕستانی سەیوان لە شاری سلێمانی، تەرمی ئافرەتێكی كوژراو بە ناو و ناسنامەی خۆیەوە بەخاك سپێردرا، بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمیش دەڵێت، دوای بڕیارێكی قوباد تاڵەبانی، ڕێگە نادرێت هیچ ژنێك بێ ناسنامە بنێژرێت.

ماوەیەك لەمەوبەر تەرمی ئافرەتێك لە نزیك گەڕەكی هەواری زانكۆ لە شاری سلێمانی دۆزرایەوە و دواتر هێزە ئەمنییەكان دوو كەسیان بە تۆمەتی كوشتنی دەستگیركرد،
سەرەتا ناسنامەی ئەو ئافرەتە نەزانراو بوو، هەر ئەو كاتیش قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت رایگەیاند، دەبێت تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و نابێت ئەو تەرمە بێ ناو و ناسنامە بە خاك بسپێردرێت.

ئاشتی عەبدوڵا، بەرپرسی بەشی جێندەر لە نوسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، لە 25 ی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت بڕیاریدا تا هیچ ژنێك بێ ناسنامە بەخاك نەسپێردرێت كە ئامانج لە بڕیارەكە گێڕانەوەی حورمەتە بۆ ئەو ژنانەی بەناوی شەرەفەوە بێ ڕێزیان بەرانبەر دەكرێت و ژمارە لەسەر گۆڕەكانیان دادەنرێت.

ناوبراو وتویەتی "دوای بڕیارەكەی جێگری حكومەت، ڕێگە نادرێت هیچ ژنێك بێ ناسنامە بنێژرێت، ناشتنی ئەم ژنەی ئەمڕۆش، یەكەم حاڵەتە كە ژنێك بە ناو و ناسنامەی خۆیەوە و بەمەراسیمێكی شكۆدار بەخاك دەسپێردرێت".

ئاشتی عەبدوڵا روونیكردەوە "دەمانەوێت ناشتنی ئەو ژنە بەناو و ناسنامەی خۆیەوە، هەنگاوێك بێت بۆ گۆڕینی كلتوری ژن كوشتن كە دوای كوشتنیشیان ناو و ناسنامەیان ون دەكرێت".



PM:05:15:03/02/2022