ئەدهەم بارزانی، ئەندامی پێشووی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەسەر پۆستێكی تەشریفاتی حكومەتی عێراق خەریكە لە ناو ریزەكانی ئەم گەلە پەرتەوازەیەكی تەواو دروست دەبێت و مەترسی خستۆتە سەر هەموو قەوارەی هەرێم.
ئەدهەم بارزانی، ئەندامی پێشووی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی "زۆر بە داخەوە ماوەیەكە ئەو لایەنانەی كە كاریگەرییان لەسەر بارودۆخی باشوری كوردستان و ژیانی پڕ نەهامەتی ئەم گەلە هەیە، لەگەڵ هەموو قەیرانەكانی كە كۆسپە و ئاستەنگیان بۆ ژیان و ئایندەی خەڵك و گەنجانی ئەم وڵاتە دروستكردووە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "وەك دەبینین لەسەر پۆستێكی تەشریفاتی حكومەتی عێراق خەریكە لە ناو ریزەكانی ئەم گەلە پەرتەوازەیەكی تەواو دروست دەبێت و مەترسی خستۆتە سەر هەموو قەوارە و ئەو نیمچە ئازادییەی كە لەم بەشەی باشوردا هاتۆتە دی، ناتفاقی و لێكترازانێكی دیار و مەترسیدار چاوەرێی هەموومان دەكات".
ئەدهەم بارزانی روونیكردەوە "خۆزگە تەواوی لایەنەكانی كوردستان لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەكی پتەوی كوردستانی، نە دەرەوەی كوردستان، لە گۆڕەپانی سیاسی بەغدا شانبەشانی یەكتر و بۆ بەرگری لە مادەی ١٤٠ و گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕاوەكانی كوردستان بۆ سەر خاكی وڵات و دابینكردنی بوجە و خۆراك و سوتەمەنی و سەرجەم پێداویستیەكانی دیكەی ژیانی هاوڵاتیانی كوردستان، یەكتریان گرتبا".