كۆنگره‌ی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان له‌ هه‌ولێر ده‌ستیپێكرد

کەمێک پێش ئێستا لە شاری هەولێر بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان كۆنگرەی (١٢) هەمینی خۆی بە ئامادەبوونی (٤٥٠) ئەندام دەستیپێکرد، بڕیارە لە کۆنگرەکەدا ڕابەری گشتی و ئەندامانی بۆ چوار ساڵی دیكە هەڵبژێرێت.

ئاری عەبدولەتیف ئەندامی كۆنگرەی (١٢)ی بزوتنەوەی ئیسلامی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ شەممە لە هەولێر بزووتنەوەی ئیسلامی بە ئامادەبوونی (٤٥٠) ئەندام كۆنگرەی دوانزەی خۆی دەبەستێت و لیژنەی باڵای ئامادەكاریی كۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامیی، تەواوی ئەجێندا و پەڕەی كار و لایەنی ھونەریی و میدیایی و ھۆڵسازیی و پرۆسەی بەڕێوەچوونی كۆنگرەی دوانزەی ئامادەكردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، بە فەرمییش لۆگۆی تایبەتی كۆنگرە ڕاگەیەنرا كە دوو چوارچێوەی بازنەییە، یەكەمیان بە شێوەی تیشك و ڕەنگی پیرۆزەییە و دووەمیان بازنەیی سادەیە و ڕەنگی سەوزە و لە نێویدا دوو چڵ زەیتونی تێدایە كە دوانزە گەڵای پێوەیە و ژمارە (١٢)ش بە فۆنتی (عەرەبی ـ كوردی) لە نێو دوو چڵەزەیتونەكەدا دانراوە، لەگەڵ ناوی تەواوی (بزووتنەوەی ئیسلامیی لە كوردستان / عێراق) و گرێڕستەی (كۆنگرەی دوانزە) و ساڵی بەستنی كۆنگرە بە ساڵنامەی كۆچی و زاینی بەم جۆرە (١٤٤٣ك ـ ٢٠٢٢ز).

ئاماژەی بەوەشكرد، بزووتنەوەی ئیسلامی لە تەمەنی دامەزراندنییەوە، زۆرترین كۆنگرەی گرێداوە كە (١١) كۆنگرەیە (كۆنگرەی یەكەم لە ساڵی ١٩٨٥ و دووەم ١٩٨٦ و سێیەم ١٩٨٧ و چوارەم ١٩٨٨ و پێنجەم ١٩٩٠ و شەشەم ١٩٩٢ و حەوتەم ١٩٩٧ و ھەشتەم ٢٠٠٤ و نۆیەم ٢٠٠٨ و دەیەم ٢٠١٢ و یانزەیەمیش ٢٠١٦ و ھەر یەك لەو كۆنگرانە گۆڕانی گەورەی بە خۆیەوە دیوە، (٥) جار ڕابەری گۆڕیوە و بۆ ھەر كۆنگرەیەكیش سەركردایەتیی نوێ و گەنج لە ھەردوو ڕەگەز چوونەتە سەرەوە.


AM:10:29:05/02/2022