بەرهەم ساڵح: قبوڵكراو نیە ئەم دۆخە بەردەوام بێت


بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق رایدەگەیەنێت، قۆناغی داهاتوو سەرۆك كۆمار و حكومەتی نوێ جەخت بكەنەوە لەسەر بڕیاری سەربەخۆی نیشتیمانی، گەرەنتی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و حكومەتێكی خزمەتگوزار، قبوڵكراویش نییە ئەم دۆخە بەردەوام بێت.

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ لە رۆژی شەهیدكردنی محەمەد باقر ئەلحەكیم رایگەیاند، پێویستە لایەنە سیاسییەكانی عێراق یەكڕیزبن و كۆتایی بەو قۆناغە بهێنن كە ئێستا وڵات بەناویدا تێدەپەڕێت، بەپێویستیشی زانی قۆناغی داهاتوو سەرۆك كۆمار و حكومەتی نوێ جەخت بكەنەوە لەسەر بڕیاری سەربەخۆی نیشتیمانی، گەرەنتی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و حكومەتێكی خزمەتگوزار.

بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوەكردووە، رۆژی شەهیدی عێراق دەرفەتێكە بۆ بەخۆداچونەوەی سیاسی و پڕكردنەوەی ئەو كەموكورتیانەی كە هەبووە، لەگەڵ دەستكردن بە بونیادنانی عێراقی نوێ  كە سەقامگیری، حكومی رەشید و خزمەتكردنی هاوڵاتیان پایە سەرەكییەكانی حكومڕانی بن.

د. بەرهەم وتی "پێویستە لایەنە سیاسییەكانی عێراق یەكڕیزبن و كۆتایی بەو قۆناغە بهێنن كە ئێستا وڵات بەناویدا تێدەپەڕێت، چونكە قبوڵكراو نیە ئەم دۆخە بەردەوام بێت، بۆیە داوا دەكەم هەموو لایەنەكان كار بكەن بۆ ئەوەی دەوڵەت بتوانێت دەستبەری ئاشتی بكات".

هەروەها وتی "پەیمانێكی نوێ پێویستە بۆ وەڵامدانەوەی قۆناغەكە و بوونی عێراقێكی شكۆمەند ئەوەش بە یەكڕیزی دەكرێت، لەگەڵ پشتیوانی رێچكەی دەستوری و دیموكراسی بۆ ئەوەی پشتیوانی بڕیاری سەربەخۆی نیشتیمانی عێراق و گەرەنتی ئاسایشی كۆمەڵایەتی بكەین".




PM:12:01:05/02/2022