حیزبی دیموکراتی کوردستان وەڵامى کتێبەکەى مەسعود بارزانى دەداتەوە

حیزبی دیموکراتی کوردستان وەڵامى کتێبەکەى مەسعود بارزانى دەداتەوە و دەڵێت" سەرۆکی پارتی لە بەرگی چوارەمی كتێبی (بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد)دا، خوێندنەوەیەكی یەكلایەنەی بۆ رووداوەكان كردووە و هەموو تاوانەكانی خستۆتە ئەستۆی حزبی دیموكرات و پارتی بێ تاوان و بێ هەڵە نیشانداوە". 

حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە، لە دوای بڵاوبوونەوەی کتێبی (بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد) بەتایبەت فایلی دەنگی (٦٠) لاپەڕەی ئەو کتێبە کە زیاتر پەیوەندی بە ڕووداوەکانی دەیەی (٦٠)ی هەتاوی و بوونی برایانی پارتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و جوڵانەوەی کورد لەو بەشەی کوردستانەوە هەیە، دژکردەوەیەکی بەرچاوی لە بیروڕای گشتی و لایەنە کوردپەروەرەکانەوە بەدوای خۆیدا هێنا. 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" شێواندنی مێژوو و بەلاڕێدابردنی ڕاستی ڕوداوەکانی ئەو سەردەمە، لەهەر لایەکەوە بێت نەک یارمەتی بە مێژووی واقعی ڕووداوەکان ناکات، بەڵکو بە کارێکی ناتەبا لەگەڵ ڕاستی ڕووداوەکان و زیانگەیاندن بە مێژوو دادەنرێت". 

هەروەها حزبی دیموكرات لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەدا ئەوەشی خستۆتەڕوو، باسکردن لەم باس و بابەتانەی کە لە کاتی خۆی لە کەشوهەوای نادۆستایەتییەکاندا وتراون و بڵاوکردنەوەی بەشێوەیەکی تایبەتی و ڕەنگە ئامانجدار، بێجگە لە بریندارکردنەوەی هەستی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەمێکی دیکەی لێ ناکەوێتەوە؛ بەتایبەت کە خوێندنەوەکانی بەڕێزیان لەسەر ڕوداوەکان خوێندنەوەیەکی یەکلایەنەیەو هەمو تاوانەکانی خستوەتە ئەستۆی حیزبی دێموکرات و پارتی بێتاوان و بێ هەڵە نیشان دراوە کە لانیکەم ئەم چەشنە قەزاوەتە و تا ئەو ڕادەیە دوركەوتنەوە لە بێلایەنی و مێژوی واقعییەتی ڕوداوەکان لە بەڕێزیان چاوەڕوان نەدەکرا.

دەقی راگەیەندراوەكە:

راگەیەندراوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاونیشتمانییانی بەڕێز!

ئۆگرانی پرسی کورد و کوردستان!

بە دوای بڵاوبونەوەی کتێبی "بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد" بەتایبەت فایلی دەنگیی ٦٠ لاپەڕەی ئەو کتێبە کە زیاتر پێوەندیی بە ڕوداوەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی و بونی برایانی پارتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و جوڵانەوەی کورد لەو بەشەی کوردستانەوە هەیە، دژکردەوەیەکی بەرچاوی لە بیروڕای گشتی و لایەنە کوردپەروەرەکانەوە بەدوای خۆیدا هێنا.

سەرەتا پێویستە ئەو ڕاستییە بخەینەڕو کە شێواندنی مێژو و بەلاڕێدابردنی ڕاستیی ڕوداوەکانی ئەو سەردەمە، لەهەر لایەکەوە بێت نەک یارمەتی بە مێژوی واقعیی ڕوداوەکان ناکات بەڵکو بە کارێکی ناتەبا لەگەڵ ڕاستیی ڕوداوەکان و زیانگەیاندن بە مێژو دادەنرێت.

لە هەمانکاتدا سەرهەڵدانی هەر ئاڵۆزییەک یان جیاوازی لە بۆچوندا بە قسەی سوک و زمانی زبر لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر ناکرێت و لەگەڵ نەریتی لەمێژینەی حیزبی دێموکراتیش ناگونجێت.

جیا لەوە پێوەندییەکانی پارتی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکرات لە بڕگە جۆراجۆرەکاندا هەوراز و نشێوی بەخۆیەوە بینیوەو لە هەر بڕگەیەکی زەمەنیشدا هەر لایەک قسەی خۆی لەسەر کردوەو وەرددانەوەی لە ئێستادا لەگەڵ ئەم لاپەڕە نوێیەی کە لە ٣٠ ساڵی ڕابردودا لە پێوەندیی دۆستانەی دولایەندا هەڵدراوەتەوە، ناتەبایە.

باسکردن لەم باس و بابەتانەی کە لە کاتی خۆی لە کەشوهەوای نادۆستایەتییەکاندا وتراون و بڵاوکردنەوەی بەشێوەیەکی تایبەتی و ڕەنگە ئامانجدار، بێجگە لە بریندارکردنەوەی هەستی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەمێکی دیکەی لێ ناکەوێتەوە؛ بەتایبەت کە خوێندنەوەکانی بەڕێزیان لەسەر ڕوداوەکان خوێندنەوەیەکی یەکلایەنەیەو هەمو تاوانەکانی خستوەتە ئەستۆی حیزبی دێموکرات و پارتی بێتاوان و بێ هەڵە نیشان دراوە کە لانیکەم ئەم چەشنە قەزاوەتە و تا ئەو ڕادەیە دوركەوتنەوە لە بێلایەنی و مێژوی واقعییەتی ڕوداوەکان لە بەڕێزیان چاوەڕوان نەدەکرا.

بەتایبەت ئەوەی پێوەندیی بە سەربەخۆیی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە هەیە، کە دوکتور قاسملو پایەدانەری بوەو ئێستاش درێژەی هەیە، بە سەنەد و مەدرەک و شاهیدیی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە هەر دو بەشی  باشورو ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەلمێندراوەو لە بەرچاوی بیروڕای گشتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە.

حیزبی دێموکرات لە ماوەی ٧٦ ساڵ تەمەنی پڕ لە هەوراز و نشێوی لە گۆڕەپانی خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ کەموکۆڕی نەبوە، بەڵام بە شانازییەوە دەڵێین هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت خاڵێکی لاواز لە مێژوی ئەو حیزبە بەتایبەتی لە پێوەندی بەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، دەسنیشان بکات کە زیانی بە جوڵانەوەی کورد لە یەکێک لە پارچەکانی کوردستان گەیاندبێت.

 لێرەدا جێی خۆیەتی ئەو بابەتەش وەبیر بێنینەوە کە حیزبی دێموکرات لەو ماوە زەمەنییەدا کە بەهۆی بارودۆخی نەخوازراو و داسەپاوی سیاسیی بنکەو بارەگاکانی لە باشوری کوردستان بوە، بە هیچ جۆر دەستی لە کاروباری نێوخۆیی ئەو پارچە لە کوردستان وەرنەداوەو هەمو کات بە بەرپرسایەتیی نەتەوەیی خۆی لە بەرامبەر ئەو ڕوداوانەی کە پێوەندییان بە پرسە نەتەوایەتییەکانەوە هەبوە، جوڵاوەتەوەو هاندەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوە بۆ بەهاناوەچون یان پشتگیریکردنی باشوری کوردستان.

ئاشتیخوازی و باوەڕمەندبونی حیزبی دێموکرات بە چارەسەریی ئاشتییانەی مەسەلەی کورد لە ئێراندا ئەوەندە ڕونە کە نەک ناکرێت لەو پێوەندییەدا پاکانە بۆ ڕێژیمێکی ماف پێشێلکەر بکرێت، بەڵکو بە ڕادەیەک بوە کە تۆمەتی سازشکاریی وەپاڵ دراوە.

لە کۆتاییدا باشترە لێکۆڵینەوە و وەرددانەوەی ڕوداوە تاڵەکانی ڕابردو بە مێژونوسانی بێلایەن و واقیعبین بسپێرین و پێ لەسەر پێوەندییە دۆستانە و کوردخوازانەکانی دو لایەن دابگرینەوە.

ئێستا لەو بارودۆخەدا چاوەڕوانیمان لە دۆستان و دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات ئەوەیە کە لەو هەلومەرجە هەستیارەدا بە وشیاری و هەست بە بەرپرسایەتییەوە لەو بابەتە بڕوانن و هەڵسەنگاندنەکان جۆرێک بن کە لە بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوەیی و لە قازانجی تەبایی نێوان هێزە سیاسییەکاندا بشکێتەوە.

ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی


PM:11:42:10/02/2022