سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ: حکومەت نرخی نان لەسەر هاووڵاتیان زیاد دەکات

سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت" حكومەتی هەرێم دەیەوێت لە بەرژەوەندی دوو كۆمپانیا گومرگی ئارد زیاد بكات و ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نان لەسەر هاوڵاتیان". 

عەبدولستار مەجید، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە ئەنجامی بەدواداچوون بە ئێمە گەیشتووە، حكومەت لە رێگەی زیادكردنی گومرگ لەسەر ئاردی هاوردە، نرخی نان لەسەر خەڵك گران دەكات.

راشیگەیاندووە" ئێستا بۆ هەر تۆنێك ئاردی هاوردە، بڕی (٣٢) دۆلار وەردەگیرێت، بەڵام نوسراویان كردووە كە زیادی بكەن بۆ (٦٥) دۆلار واتە بە ڕێژەی (١٠٠%) و زیاتریش". 

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئێستا هەر تۆنێكی ئارد كە لە توركیاوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، بە گومرگ و كرێی گواستنەوەشەوە، هەر تۆنێك (٤٧٠) دۆلار دەكەوێت، بەڵام لە بەرژەوەندی دوو كۆمپانیای سەر بە خۆیان، گومرگ زیاد دەكەن تا ئاردی هاوردەی ئەو دوو كۆمپانیایە ساغ ببێتەوە كە هیچ باج و رسوماتێكیش نادەن و تۆنی ئاردیش بە (٥٠٠) دۆلار دەفرۆشنەوە لە بازاڕ. 



AM:09:10:11/02/2022