یەکێتی زانایان لەسەر هونەرمەند ناسڕی ڕەزازی بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە

دوای ئەوەی هونەرمەندی کوردی دیاری ڕۆژهەڵات و کوردستان، ناسری رەزازی لەگرتەڤیدیۆیەکدا ڕایگەیاند کە "موسڵمان نییە و یارسانە"، ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا لە باشور و لە رۆژهەڵاتیش هەر لەو بارەیەوە  یەکێتی زانایان ئیدانەی ئەو سوکایەتیەی هونەرمەند رەزازی دەکات.

 

ئەمڕۆ هەینی ١١ی شوبات یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا ئیدانەی ئەو سوکایەتییە دەکات و دەڵێن ئەم جۆرەکارانە هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی‌و پێکەوەژیان، هەربۆیە پێویستە ئەو هونەرمەندە داوای لێبوردن لە موسوڵمانان بکات.

 

دەقی بەیاننامەکەی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەمشێوەیەی لای خوارەوە هاتووە:

  

"دوای ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردودا لەگرتەیەکی ڤیدیۆیی، هونەرمەندێک سوکایەتی بەپیرۆزییەکانی ئیسلام کردو کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیداهێنا، یەکێتی زانایان ئیدانەی ئەو سوکایەتیانە دەکات".

 

ئه‌وان لەیەکێتی زانایانەوە ئیدانەی ئەو سوکایەتیانە دەکەن‌و پێیانوایە ئەمجۆرە کارانە هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی‌ و پێکەوەژیان‌ و پێویستی بەداوای لێبوردن لەموسڵمانان هەیە، خەڵک بۆ خۆی ئازادە چۆن بیردەکاتەوە، بەڵام ئازادنییە لەوەی سوکایەتی بەئایینی ئیسلام بکات‌ و ناکرێ ڕێگە بەوەبدرێت ئەو پێکەوەژیانەی هەیە لەباربچێت‌ و ئاشتی کۆمەڵگە بشێوێندرێت.

 

دەشڵێت "چاوەڕوانبوین سەندیکای هونەرمەندان لەبەیاننامەکەیاندا ئیدانەی ئەو جۆرە ڕەفتارانەی کردبوایە، کە بۆتە هۆکاری برینداربونی هەستی موسڵمانان، لەهەمانکات ئەرکی داواکاری گشتیە ڕۆڵی خۆی ببینێت‌و لەو حاڵەتانە بێتەدەنگ بەئەرکی پێویست هەڵبستێت".

 

له‌كۆتاییشدا هاتوه‌، "بەپێویستی دەزانین دەستخۆشی‌و سوپاسی هەڵوێستی بەرزی زانایانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەت شاری پاوە بکەین، کە بەپەیامی حەکیمانەو لەپێناو دامرکاندنەوەی دۆخی بەرهەمهاتوی ئەم ڕوداوە نەخوازراوە، ڕەنج‌و ماندوبونیان کێشاو لەئاستی پێویست هەڵوێستیان وەرگرت".

 

ئەمەش لەکاتێکدایە، ناسرى ڕه‌زازى هەفتەی ڕابردوو له‌په‌یامێكدا دەڵێت "من کە ھەر ھەموو تەمەنم لەپێناو خەڵکی کورد بەھەموو بەشەکان‌ و ھەر ھەموو زمانێک ‌و مەزھەبەوە تەرخانکرد، من کە وەک ئینسان ھاتومەتەسەر زەوی‌و تا بمێنم ڕێز بۆ ھەر مەزھەبێک دادەنێم".

 

هەر لە پەیامەکەدا دەڵێت ":ئایا مەسیحی یان ئاشوری یان یارسان یا ھەر مەزھەبێک بەغەیری موسڵمان، کافرن؟ ئایا نابێ ھاتوچۆی ماڵیان بکرێ؟؟ ئەی بۆ جارێک باس لەکرێ خانوو ناکەن نیوەی گەنجەکانمان بەدەست ئازاری گرانبونی کرێچێتیه‌وه‌ دەناڵن؟ ئەی بۆ جارێک باس لەسودخۆرەکان ناکەن؟ من تا بمێنم دوژمنی ھیچ ئایین‌و مەزھەبێک نیم‌و کەسیش بۆ کەسێکی تر فرێنادەم، ھەموو گەلان براو خوشکی منن".

 

 



PM:02:50:11/02/2022