دەستەی وەبەرهێنان: سەردانی سەرۆكی حكومەت بۆ قەتەر لەڕووی ئابورییەوە گرنگە


سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، سەردانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ وڵاتی قەتەر لە ڕووی ئابوورییەوە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی كۆمپانیاكانی ئەوان بێن لە ھەموو بوارەكاندا لە ھەرێمی كوردستان وەبەرھێنان بكەن، چونكە قەتەر وڵاتێكی گرنگە لە ناوچەكە و گرنگیی بۆ ھەرێمی كوردستان دەبێت .

دكتۆر محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە، 'لە بواری وەبەرهێناندا بەشێوەی گشتی لەگەڵ وڵاتی قەتەر نیمانە، بەڵام بڕیارە كاری وەبەرهێنان لە ھەرێم بكەن و سەردانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ وڵاتی قەتەر كاریگەریی ئیجابیی دەبێت، بەتایبەت لە بواری وەبەرھێنان لە بواری نەوت و غازدا و ھیوادارین لە بواری پیشەسازیدا بێن كار بكەن، بۆیە چاوەڕێ دەكەین بزانین كۆبوونەوەكان چۆن دەبن و ئەنجامەكانیشی چۆن دەبێت''.

ناوبراو روونیكردۆتەوە، پێشتر دەستەی وەبەرھێنانی قەتەر سەردانی كوردستانی كردبوو و ھیوادارن بێن لە ھەرێم كار بكەن و ئەو سەردانەی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ وڵاتی قەتەر دەبێتە ھاندانێك بۆ ئەوەی كۆمپانیاكانی قەتەر بێن لە ھەرێمی كوردستان كاری وەبەرهێنان بكەن.'

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەسەر بانگھێشتی فەرمیی وڵاتی قەتەر سەردانی ئەو وڵاتەی كرد و بڕیارە لە میانەی سەردانەكەیدا چەندین دیدار و كۆبوونەوەی هەبێت.



PM:09:35:15/02/2022