یەکێتی: دەبوایە مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەچاو بکرایە نەک کێشەکان ئاڵۆزتر بکرێن

وتەبێی یەکیتی نیشتیمانی کوردستان ئەمین بابەشێخ، لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند، دادگای فیدڕاڵی عێراق سەبارەت بە نایاساییبونی یاسای نەوت و غازی هەرێم، دەبوایە مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەچاو بکرایە نەک کێشەکان ئاڵۆزتر بکرێن.

دەقی راگەیەنراوەکەی یەکێتینیشتیمانی کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە هاتووە:

وێڕای پاراستنی بنەماکانی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ، دەبوایە لەم بڕیارەدا مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەچاو بکرایە.

پێویستە و دەکرێت لەم قۆناغەدا بیر لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق بکرێتەوە، نەک کێشەکان ئاڵۆزتر بکرێن. پێویست بوو دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ بە پشتبەستن بە بنەما دەستوورییەکان دانوستان لەسەر ئەم پرسە و پرسەکانی تر بکرانایە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق.

داوامان لە هەموو لایەنەکان ئەوەیە کە دەستوور بۆ هیچ مەرامێکی بەرتەسکی سیاسی پێشێل نەکرێت، بۆ پرسێکی وەک یاسای نەوت و غاز و گشت پرسە چارەنووسسازەکانی تر، دەقە دەستوورییەکان جێبەجێبکرێن، لەپێناو پاراستنی سیستەمی فیدڕاڵی وسەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، داوا لە گشت لایەنەکان دەکەین کە بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی سیاسی گرفتەکان چارەسەر بکرێن.

ئەمین بابە شێخ

وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

١٦ی ٢ی ٢٠٢٢



PM:06:50:16/02/2022