حەلبوسی: هەڕەشە لە كەس قبوڵ ناكەین


محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە بری چەك كە بەڕوویان كرا، سیاسەتیان هەڵبژارد، بەڵام لە چەك ناترسن و هەڕەشەی كەسیش قبوڵ ناكەن.   

محەمەد حەلبوسی، كە سەرۆكی هاوپەیمانی عەزمە لە پەرلەمانی عێراق لە تویتێكدا رایگەیاندووە "هەر لە سەرەتاوە سیاسەتمان هەڵبژاردووە لە بری ئەو چەكەی كە ڕووبەڕوومان كرایەوە لە ناوچەكانمان، لەو سۆنگەیەی كە توندوتیژی دەوڵەت بنیاد نانێت، بەڵكو بە ئازادی و دادگەری و یەكسانی و بە سەروەری یاسا و دەستور بنیاد دەنرێت."  

 ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئەمڕۆ ئیرادەیەكی ناڕێك هەوڵ دەدات شكۆی دەوڵەت بشكێنێت و هەڕەشە لە پێكهاتەكانی گەل دەكات، ئێمە لە چەك و هەڕەشەی خەڵكی ناترسین، ڕێبازەكەشمان ناگۆڕین بۆ بنیادنانی دەوڵەتێكی دور لە توندوتیژی."  

ئەمڕۆش موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە راگەیەنراوێكدا وەڵامی ئەوانەی دایەوە كە هەڕەشە لە هاوپەیمان و هاوبەشەكانی لە "زۆرینەی نیشتمانی" دەكەن و دەڵێت "بەسە هەڕەشە و بەڵێن پێدان."  

موقتەدا سەدر و محەمەد حەلبوسی و مەسعود بارزانی هاوپەیمانییان پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە پێكهێناوە، بڕیاریشە ئەم هەفتەیە كۆبوونەوەی سێقۆڵی لە شاری نەجەف ئەنجام بدەن.



PM:09:15:18/02/2022