پەرلەمان پڕۆژەیاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ریفراندۆم پەسەند دەكات

ئەندامێكی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، بڕیارە ئەم هەفتەیە لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا پڕۆژەیاسای كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان پەسەند بكرێن.

ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی  كوردستان، شوان ئەحمەد نوعمان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: دوو پڕۆژەیاسا بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ریفراندۆم پێشكەش كرابوون، ئێمەیش لە لیژنەی یاسایی ئەو دوو پڕۆژەیاسایەمان كردە یەك پڕۆژەیاسا و كارەكانی خۆمان تەواو كرد، ئێستایش ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كراون.

ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی راشیگەیاند، لەو پڕۆژەیاسایەدا تەنیا لەسەر دوو ماددە هەندێك بۆچوونی جیاواز هەن، ئەویش ژمارەی ئەندامانی كۆمسیۆن و شێوازی دەنگدان لەناو كۆمسیۆنەكە كە ئایا زۆرینەی رەها بێت یاخود دوو لە سێی دەنگەكان بێت.

ڕوونیشی كردەوە، لە كۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا پڕۆژەیاساكە دەخرێتە بەرنامەی كارەوە، كە بڕیارە لەم یەك دوو رۆژەدا پەرلەمان كۆ ببێتەوە.
وتیشی: "بڕیار دراوە كە لەم هەفتەیەدا ئەو پڕۆژەیاسایانە پەسەند بكرێن."



PM:02:25:20/07/2014