سۆران عومەر: هەرێمی کوردستان خەریکە عێراقیش توشی قەیرانی بەنزین دەکات

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق  ئاشکرای دەکات کە ھەرێم خەریکە عێراق توشی قەیرانی بەنزین دەکات و لە بەنزینخانەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقەوە بەنزین بە قاچاخ دەهێنرێت بۆ هەرێم.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٢، سۆران عومەر ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق  دەڵێت "لەعێراق دوو جۆر بەنزین ھەیە ئەوەی پێی دەوترێ محسن لیتری بە ٦٥٠ دینارە بە بازرگانی، بەنزینی نۆرماڵ کە تێکەڵە لەگەڵ محسن بە ٤٥٠ دینارە بە حکومی ، دەڵێت، دوای بەدواداچون لەعێراق بۆ کەمبوونەوەی بەنزین و زۆربوونی قەرەباڵغی لە وێستگەکانی بەنزین دەرکەوت ئێستا کۆمەڵێ بەنزینخانەی ئەھلی بەنزینە محسنەکە بەقاچاخ دەھێنن بۆ ھەرێم چونکە لیتری  هەزار دینار دەکات".  

وتیشی  "هەبۆیە بڕیاردرا کۆمەڵێکی زۆر بەنزینخانە لەنزیک ھەرێم دابخەن و بازگەکان توندتر بکەن، چونکە عێراق دەڵێت ئەو بەنزینەی کە محسنە و لیتری دەدرێت بە ٦٥٠ دینار، لەسەر حکومەت هەزار و ٥٠ دینار کەوتووە، حکومەت بۆ ھەر لیترێک ٦٠٠ دیناری خستووەتە سەری و ڕازی نابن بھێنرێتە ھەرێم بەقاچاخ، ئەوان دەڵێن بەفەرمی بەشێک لەو بەنزینە دەدەین بەپارێزگاکانی ھەرێم ئێستا بەقاچاخیش دەبرێت."

سۆران عومەر دەشڵێت "حکومەتی ھەرێم ئامادە نییە یەک دینار و یەک لیتر بەنزین ھاوکاری خەڵک بکات."  



PM:04:00:21/02/2022