كەسوكاری زیندانیانی بادینان: پێشوازی لە بڕیاری كەمكردنەوەی سزای زیندانیان دەكەین


كەسوكاری زیندانیان ناوچەی بادینان رایدەگەیەنن "سەرباری خواستی ئێمە بڕیاری بێتاوانبوونیان بوو لە ڕوویی یاساییەوە، بەڵام پێشوازی لە بڕیاری سەرۆكایەتی ھەرێم دەكەین، داواكارین زیندانیانی دیكەش ئازادبكرێن".

ئەیھان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان لە پەیامێكدا دەربارەی كەمكردنەوەی سزای زیندانیانی بادینان رایگەیاندووە، سوپاسی گشت لایەنێك ھەر لە نوێنەرانی وڵاتان لە ھەرێم و بەغداد، رێكخراوە جیھانیەكانی مافی مرۆڤ، یونامی و تا یەك بە یەكی دڵسۆز و خەمخورانی زیندانیانی بادینان دەكەن كە پشتگرییان و خۆڕاگری كەسوكارەكانیان لە زیندان بێ بەرھەم نەبوو.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "پێشوازی لە بڕیاری سەرۆكایەتی ھەرێم دەكەین و بە خاڵێكی ئەرێنی دادەنێین كە ئەمرۆ بەفەرمانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، سزای (٦) ساڵ زیندانیكردنی ھەریەكە لە (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز كەرەم، ھاریوان عیسا و گوھدار زێباری) كەمكرایەوە بۆ (٢ ساڵ و ٤) مانگ. بەلەبەرچاوگرتنی ماددەی ٣٣١ی ئازادكردنی مەرجی (الإفراج الشرگی)، دەبێت ھەر پێنج زیندانیەكە لە ماوەی (٦) مانگی ئایندەدا ئازادبكرێن".

دەقی پەیامەكە..

پەیاممان دەربارەی كەمكردنەوەی سزای زیندانیانی بادینان

"سەرباری خواستی ئێمە بڕیاری بێتاوانبوونیان بوو لە ڕوویی یاساییەوە، بەڵام پێشوازی لە بڕیاری سەرۆكایەتی ھەرێم دەكەین، داواكارین زیندانیانی دیكەش ئازادبكرێن"

ھاونیشتیمانیانی ھێژا ماندوبوونتان بەرز دەنڕخێنین و سوپاسی گشت لایەنێك ھەر لە نوێنەرانی وڵاتان لە ھەرێم و بەغداد، رێكخراوە جیھانیەكانی مافی مرۆڤ، یونامی و تا یەك بە یەكی دڵسۆز و خەمخورانی زیندانیانی بادینان دەكەین كە پشتگریتان و خۆڕاگری كەسوكارەكانمان لە زیندان بێ بەرھەم نەبوو، پێشوازی لە بڕیاری سەرۆكایەتی ھەرێم دەكەین و بە خاڵێكی ئەرێنی دادەنێین. كە ئەمرۆ بەفەرمانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، سزای (٦) ساڵ زیندانیكردنی ھەریەكە لە (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز كەرەم، ھاریوان عیسا و گوھدار زێباری) كەمكرایەوە بۆ (٢ ساڵ و ٤) مانگ. بەلەبەرچاوگرتنی ماددەی ٣٣١ی ئازادكردنی مەرجی (الإفراج الشرگی)، دەبێت ھەر پێنج زیندانیەكە لە ماوەی (٦) مانگی ئایندەدا ئازادبكرێن.

ئەمەش لە كاتێكدایە خواستی ڕای گشتی و ئێمەش وەكو كەسوكاری زیندانیانی بادینان ئەوەبوو، رۆژنامەنوس و چاڵاكە مەدەنیەكانی بادینان بەپێ یاسا بێ تاوان بناسرێن و پێشینەی تاوان لەسەریان نەمێنێت و ئازادبكرێن (بە دیدی ئێمەو ڕای گشتی ئەوان بێتاوان و زوڵملێكراون)، چونكە بێ بەشكران لە مافی بینینی پارێزەران، كە دژی (اصول محاكمات جزائیە)یە، بێ ھەبوونی بەڵگە ماددەی یاساییان لە یاسای ژمارە ٣٥ ی رۆژنامەگەری و یاسای ژمارە ١١ی خۆپیشاندان گۆڕیویانە بۆ ماددەی ١ی ژمارە ٢١ی یاسای تێكدانی ئەمنی كە ھەمواری یاسای ژمارە ١٥٦ی سزادانی عێراقیە، تەنانەت ئەو نادادییە دژبە ڕەچاوكردنی سادەترین بڕگەكانی یاسایی و بەندەكانی دەستوری عێراق و بگرە دژبە (١٣)ماددەی جاڕنامەی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی بوون، ئەوانیش هەریەك لەماددەكانی (١،٢،٣،٥،٧،١٠،١١،١٢،١٥،١٨،١٩،٢١،٢٧)بوون .

پێویستە لەمەو دوا دەستەڵاتی دادوەری سەربەخۆیی خۆی ب پارێزێت، حكومەتی ھەرێمیش بە چاوی دوژمن سەیری كەسانی ئازادیخواز نەكات و وەكو سەرۆكایەتی ھەرێم رۆڵی ئیجابی ھەبێت، ئەم پرسە بە ڕق و تەحەدا وەرنەگرێت.

داواكارین ھەمان بڕیار بۆ ئەو چاڵاك و رۆژنامەنوسانە حوكمدراوانەی دیكەی بادینان دەربكرێت كە لەسەر ئازادی بیروڕا لە زیندانن، ھەروەھا داواكارین پرۆسەی دادگاییكردنی زیندانیانی شێلادزێش دەستپێبكرێت و ئازادبكرێن كە نێزیكەی ساڵێك و سێ مانگە لە ئاسایشی گشتی دەسبەسەرن.

بەرتەسكردنەوەی ئازادی بیروڕا و بەحزبیكردنی دەستەڵاتی دادوەری و بەكارھێنانی بۆ مەرامی سیاسی مەترسیە بۆ سەر پرۆسەی دیموكراسی لە ھەرێمی كوردستان- عێراق، نەبونی نەفەسی ئازادی ئۆتۆماتیكی خەڵك بەرەو توندوتیژی ھان دەدەن و لێكەوتەی خراپی دەبێت و سومعەی ھەرێمەكەشمان ناشیرنتر دەبێت و لەبەرژەوەندی ھیچ لایەنێكدا نیە.

ئەیھان سەعید - نوێنەری زیندانیانی بادینان.
٢٣ی ٢ی ٢٠٢٢



PM:10:36:23/02/2022