مانگی داهاتوو سۆسیالیست کۆنگرەی حەوتەمی حزبەکەی دەبەستێت

بڕیارە سەرەتایی مانگی داهاتوو حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کۆنگرەی حەوتەمی حزبەکەی ببەستێت.

لەمبارەیەوە بەختیار کەریم، وتەبێژی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند" رۆژانی ٥ و ٦ی مانگی داهاتوو حیزبی سۆسیالیست کۆنگرەی حەوتەمی خۆی لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نزیکەی (٩٠٠ بۆ ١٠٠٠) ئەندام دەبەستێت". 

ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە وەک لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە سەرجەم رێککارە یاساییەکانمان تەواو کردووە و پڕۆژەمان هەموار کردووەتەوە و چاوەڕوانی ڕۆژی کۆنگرەین. 

حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان حیزبێکی کوردی باشوورە، لەساڵی (١٩٧٦) دامەزراوە لەلایەن مەحموود عوسمان و عەدنان موفتی و ڕەسوول مامەند، و لە ساڵی (١٩٧٩) بەشێک لە ئەندامانی حیزبی یەکێتی نیشتمانی کوردستان جیابوونەوە هاتنە بەرەی حیزبی سۆسیالیست یەکێکیش لەو ئەندامانە محەممەد حاجی مەحموود کە ئێستا سکرتێری گشتی حیزبی سۆسیالیستی کوردستانە.

حیزبی سۆسیالیست تا ئێستا شەش کۆنگرەی بەستووە، ئەوانیش بریتین لە: 
 
- کۆنگرەی یەکەم،  لە ١٢ی ٥ی ١٩٨١ لەدۆڵه‌توو.

- کۆنگرەی دووەم، ١٥ تاوەکو ١٩ی تشرینی دووەمی ١٩٩٤ لە ھەولێر.

- کۆنگرەی سێیەم، لە ٢٧ تاوەکو ٣٠ی تشرینی دووەمی ١٩٩٩ لە سلێمانی


- کۆنگرەی چوارەم، لە ٦ تاوەکو ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٣ لە سلێمانی.

- کۆنگرەی پێنجەم، لە ٨ و ٩ی ئابی ٢٠٠٥ لە سلێمانی.

- کۆنگرەی شەشەم، لە ٦ تاوەکو ٨ی ئایاری ٢٠١١ لە هەولێر.


AM:10:44:25/02/2022