سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لەسەر لێخۆشبوون لەبازرگانێكی ماددەی هۆشبەر هاتە دەنگ

دوای بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامەیەك لەسەر ئازاكردنی سزادراوێكی ماددەی  هۆشبەر لەلایەن بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراقەوە، سەرۆكایەتی كۆماری عێراق روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە.

سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە ڕوونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە، سەبارەت بە مەرسومی كۆماری ژمارە 2ی ساڵی 2022 كە لە چەند میدیا و سۆشیاڵ میدیایەك بڵاوكراوەتەوە، بۆ ئاگاداری هەموولایەك مەرسومی كۆمارییەكە لەسەر پێشنیار و راسپاردەی نوسراوێكی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران بووە.   

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، هەروەها دەركردنی لێبوردنەكە لەچوارچێوەی رێوشوێنە دەستوری و یاسا كارپێكراوە دیاریكراوەكان بووە و پشتی بەستووە بە بڕگەی یەكەم لە ماددەی 73ی دەستور.   

وەك لە راگەیەنراوەكە هاتووە "سەرۆك كۆمار داوایكردووە بەپەلە لیژنەیەكی وردبینی و لێكۆڵینەوە لە مەرسومەكە پێكبهێندرێت، هەروەها مەرسومەكە رادەگیرێت تا چارەسەری هەر گرفتێكی یاسایی بكرێت ئەگەر لەناو پێشنیاز و مەرسومەكەدا هەبێت و دواتر لێكۆڵینەوەكە بۆ رایگشتی بڵاودەكرێتەوە."   

بەپێی مەرسومێكی كۆماری، كە لە 10ی مانگی رابردوو دەركراوە و بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق واژووی لەسەر كردووە، بازرگانێكی ماددەی هۆشبەری بەناوی جەواد لوئەی جەواد، كوڕی پارێزگاری پێشووی نەجەف، بەر لەوەی سزاكەی تەواو بكات، ئازاد كردوە.




PM:08:55:26/02/2022