سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و لایەنەكان لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کۆدەبنەوە

بڕیارە سبەینێ  هه‌ر چوار سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان دەربارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عیراق لەسەر نادەستووری فرۆشتنی نەوت و گازی هەرێم کۆببنەوە. 

زیرەک کەمال ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند" پڕۆژەیەک ئامادەکراوە بۆ کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم و حکوومەت لەگەڵ لایەنەکان لەماوەیەکی نزیکدا، ئەم جۆرە کۆبوونەوانە زۆر گرنگە، چونکە ئەوانەی حکوومەتیان پێکھێناوە و لە پەرلەمان کورسیان ھەیە حیزبەکانن، بۆیە ئەو کۆبوونەوەیە گرنگی زۆری ھەیە".

ڕوونیشی کردەوە، لەو کۆبوونەوەیە کۆمەڵێک خاڵ باس دەکرێن، لەوانە پەیوەندی ھەرێم و بەغدا و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و ھەندێک خاڵی دیکەش، کە پێویستیان بەوە ھەیە گفتووگۆی لەسەر بکرێت. 

ئەوەشی خستەڕوو، لە بواری کرداری بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی جێبەجێ ناکرێن، چونکە وڵاتانی جیھانیش لەناو پڕۆژەکەدا ھەن و قورسە جێبەجێ بکرێت، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیە چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە لە ڕێگەی گفتووگۆ، ھاوکات نیەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە بە جۆرێک چارەسەر بکرێت، کە لە بەرژەوەندی ھەردوولا بێت، بۆیە سەرۆکایەتی ھەرێم مافی خۆیەتی دانیشتن ناوە ناوە لەگەڵ لایەنەکان بکات، ھەر بۆیەش ئێستا دەیەوێت لەگەڵ لایەنەکان کۆبێتەوە. 


PM:01:33:27/02/2022