مەکتەبی سیاسی پارتی: جەخت لەسەر رێکخستنی نێو ماڵی کورد دەکەینەوە

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە،  بە بۆنەی ساڵیادی راپەڕینی گەلی کورد و دەڵێن، جەخت لەسەر رێکخستنی نێو ماڵی کورد دەکەینەوە بەجۆرێک بە هەموو لایەکمان یەکگوتار بین بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکان.

ئەمڕۆ ٤ی ئادار هەینی، مەکتەبی سیاسی پارتی، ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە، ڕایدەگەیەنن "مەکتەبی سیاسی پارتی ئەوەیان خستووەتەڕوو، دەڵێن بەڵێن دەدەین و پێدادەگرین لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و بەردەوام بوون لەسەر کار و ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانمان بۆ داکۆکیکردن لە بنەما راست و دروستەکانی دیموکراسیەت و هەمەرەنگی و هەمەلایەنی بیروباوەڕی سیاسی و بەرفراوانکردنی پانتایی بەشداریکردنی سیاسی بۆ خزمەتگەیاندن و دابینکردنی مافەکانی خەڵک و چاکترکردنی باری ئابووری و هەلومەرجی بژێوی رۆژانەی ھاووڵاتیانی خۆڕاگر و ئازیزی وڵات".

دەقی راگەیەنراوەکە بەمشێوەیەی خوارەوە هاتووە:

هاووڵاتیانی بەڕێز..

لەو یادە شکۆمەندەدا، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە و لەسەر هەمان پرەنسیپ و پەیامی راست و دروستی پارتەکەمان و (سەرۆک مەسعود بارزانی) جەخت لەسەر رێکخستنی نێو ماڵی خۆمان دەکەینەوە بەجۆرێک بە هەموو لایەکمان یەکگوتار بین بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکان و بەرپرسانە بەرژەوەندی گشتی رەچاو بکەین و ئەرکی لەپێشینەی هەموولایەک پاراستنی ئەو قەوارەیە و دەستکەوتەکانمان بێت.

لە لایەکی دیکەوە، پێمان وایە هەلومەرجی سیاسی عیراق بەرەو قۆناغێکی نوێ دەڕوات بەتایبەتی لە سەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵی، بۆیە ئێمە لەبەردەم کۆمەڵێک تەحەدیاتی ئەوتۆ داین کە زیاتر پێویستمان بە هاوئاهەنگی و هاودەنگییە لەسەر ئاستی هەرێم بۆ چارەسەرکردن و یەکلاکردنەوەی کێشەکان لەوانەش پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵی و ئەو گیروگرفتانەی هاتوونەتە بەردەم پرۆسەکە  تاکوو جارێکی دیکە کێشە و قەیرانەکان دووبارە نەبنەوە، ھاوکات هەر لەو روانگەیەوەش پشتیوانی خۆمان بۆ هەڵوێست و بڕیارەکانی چوار سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان دەردەبڕین سەبارەت بە دەسەڵات و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسا و دەستووری فیدڕاڵیی.

بەو بۆنەیەوە جارێکی دیکە بەڵێن دەدەین و پێدادەگرین لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و بەردەوام بوون لەسەر کار و ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانمان بۆ داکۆکیکردن لە بنەما راست و دروستەکانی دیموکراسیەت و هەمەرەنگی و هەمەلایەنی بیروباوەڕی سیاسی و بەرفراوانکردنی پانتایی بەشداریکردنی سیاسی بۆ خزمەتگەیاندن و دابینکردنی مافەکانی خەڵک و چاکترکردنی باری ئابووری و هەلومەرجی بژێوی رۆژانەی ھاوڵاتیانی خۆڕاگر و ئازیزی وڵات.

 

لە یادی راپەڕینە شکۆدارەکەی(5ی ئادار)سەری رێزونەوازش بۆ شەهیدانی کورد و کوردستان سەروەریان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد دادەنوێنین..

 

دروود بۆ شەهیدانی راپەڕینە شکۆدارەکەی(5ی ئادار)..

 

هەر مەزن و شکۆدارو بێت یادی راپەڕین.. بەرز و شەکاوەبێ ئاڵای کوردستان.

 

مەکتەبی سیاسی

پارتی دیموکراتی کوردستان

٤ـی ئاداری ٢٠٢٢



PM:10:50:04/03/2022