ئەمڕۆ سۆسیالیست کۆنگرەی حەوتەمی حزبەکەی دەبەستێت

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە ٥ی ئازاری ٢٠٢٢ حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کۆنگرەی حەوتەمی حزبەکەی ببەستێت.

لەمبارەیەوە تانیا تاهیر، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بە ناونیشانی (بەرەو کۆنگرەی حەوتەم، بە ئومێد و متمانەوە هەنگاو دەنێین بۆ داهاتویەکی باشتر بۆ هەمووان) ڕایگەیاند" بڕیارە ئەمڕۆ حزبی سۆسالیست کۆنگرەی حەوتەمی خۆی لە پایتەختی کوردستان هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی مەزنی خەڵکی کوردستان گرێ بدات". 

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەشڵێت" بە ئومێدی نوێبونەوە لە ڕووی شکڵی و بابەتی لە سەرجەم جومگەکانی حزبدا ئەم هەنگاوە دەنێین، بە ئومێدم بە پڕۆژە و بەرنامەی نوێ لەسەر ئاستی ناوخۆی حزب و کوردستانیش بێینەوە مەیدان و خزمەت بکەین، بتوانین لەم وەرزی ڕاپەڕین و شۆڕشە، لەم وەرزی ژیانەوە و نوێ بوونەوەیەدا ڕۆحێکی نوێ بە بەرگی سیاسی و خەباتماندا بکەین". 

حیزبی سۆسیالیست تا ئێستا شەش کۆنگرەی بەستووە، ئەوانیش بریتین لە: 
 
- کۆنگرەی یەکەم،  لە ١٢ی ٥ی ١٩٨١ لەدۆڵه‌توو.

- کۆنگرەی دووەم، ١٥ تاوەکو ١٩ی تشرینی دووەمی ١٩٩٤ لە ھەولێر.

- کۆنگرەی سێیەم، لە ٢٧ تاوەکو ٣٠ی تشرینی دووەمی ١٩٩٩ لە سلێمانی

- کۆنگرەی چوارەم، لە ٦ تاوەکو ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٣ لە سلێمانی.

- کۆنگرەی پێنجەم، لە ٨ و ٩ی ئابی ٢٠٠٥ لە سلێمانی.

- کۆنگرەی شەشەم، لە ٦ تاوەکو ٨ی ئایاری ٢٠١١ لە هەولێر.


AM:09:15:05/03/2022