گۆڕان: هاوڵاتییان دژ بە ستەمکاری راپەڕینی کرد، کەچی ستەمی سیاسی و ئابوری بەردەوامە

بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت" خەڵکی کوردستان دژ بە ستەمکاری راپەڕینی کرد، کەچی ستەمی سیاسی و ئابوری بەردەوامە". 

‎بزوتنەوەی گۆڕان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌ یادی (٣١) ساڵه‌ی راپه‌ڕیندا رایگه‌یاند" ‎ئەمڕۆ لە ساتەوەختێکی پڕ ئاڵنگاری و کێشمەکێشمی سیاسی و خراپی دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان (٣١) ساڵ بەسەر یادی راپەڕینی خەڵکی کوردستان تێدەپەڕیت، ئەم یادە بیرەوەری چرکەساتێکی مێژویی نەتەوەکەمانە، کە بە ئیرادەیەکی یەکگرتوو و پتەوەوە هاونیشتیمانیان و پێشمەرگە و رێکخستنە نھێنیەکان دژی جەور و ستەمی رژێمی بەعس وەستانەوە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ‎مایەی رەخنە و نیگەرانییەکی قوڵە دوای زیاتر لە سێ دەیە لە حکومڕانی، ئامانجەکانی راپەڕین نەھاتوونەدی و، حوکمڕانیەکی ناتەندروست بە قەیرانی فرە رەهەند بووەتە دیفاکتۆ، بەشێوەیەک گەندەڵی بەربڵاوە، داهاتەکان شەفاف نین و ناچنە خزمەتی خەڵکەوە، رێژەی بێکاری زیاد دەکا و گەنجان بێ ئومێدن، ئیرادەیەکی جدیش نابیندرێ بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی و گۆڕانکاری ریشەیی، ھەروەک ھاوکاری نەکراوە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە و ستراتیژی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتە سیاسییەکانی دیکە و، داخوازییەکانی ئازادیخوازان و رۆشنبیران و میدیاکان.

بزوتنەوەی گۆڕان باسی له‌وه‌شكردووە، ‎سیاسەتی ھەڵە و نەبوونی ستراتیژێکی نیشتیمانی و بێباکی لە خواستی ھاونیشتیمانیان بۆ دامەزراندنی ھەرێمێکی دیموکرات و دادپەروەر، کوردستانی خستووەتە بەردەم ھەڕەشە و مەترسی گەورە، لەگەڵ ئەوەی رەنج و ئارەقەی نێوچاوان و خوێنی شەھیدان و خەباتی سەدەیەک لە قوربانیدانی نەتەوەکەمان لە پێناو دەستکەوتی حیزبی و شەخسی کورتخایەن وا خەریکە بەھەدەر دەدرێت. 

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئەم وێنە گشتیە نیشانەی دەیان مەترسی و هەڕەشەیە بۆ سەر ئەزمونی حوکمڕانی، کە دیارترینیان نەمانی متمانەی سیاسیە بە دامەزراوەکانی سیستمی حوکمڕانی، چونکە خەڵکی کوردستان دژ بە ستەمکاری راپەڕینی کرد، کەچی ستەمی سیاسی و ئابوری بەردەوامە، ھاوڵاتیان دژ بە نادادپەروەری وەستانەوە، نادادی ھەموو پنتەکانی سیاسەت و ئابوری گرتوه‌تەوە، خەڵک بۆ ئازادی تێکۆشان، ئێستا ئازادیە گشتی و مەدەنیەکان لە بەردەم پێشێلکاریدان. 

لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەدا بزوتنەوەی گۆڕان داوای پێکەوەکارکردن و یەکێتی نەتەوەیی دەکات، بۆ لابردنی بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەی نیشتیمانسازی راستەقینە، کە گرنگترین هەنگاو چاکسازی لە ناوخۆ و رێککەوتنە لەسەر بنەمای دەستور لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی.


AM:11:21:05/03/2022