"ئیرادەی پارێزەران لەژێر هەڕەشەی تاكڕەویدایە"


سێ لیستی پارێزەرانی كوردستان رایدەگەیەنن "بڕیارە رۆژی 10ی ئەم مانگە هەڵبژاردن بۆ سەندیكای پارێزەرانی كوردستان بكرێت، لەكاتێكدا شێوازی هەڵبژاردن لە كۆنگرەدا بریاری لێدراوە كە بە (لیستی داخراوی ڕێژەیی) بێت،  بەڵام دووبارە یەكێتی و پارتی لەڕێگەی نوێنەرەكانیان لەناو لیژنەی سەرپەرشتیاری كۆنگرە پیلانی ئەوەیان هەیە بەدەر لە یاسا و بڕیاری كۆنگرەی پارێزەران، شێوازی هەڵبژاردن بگۆڕن بۆ لیستی داخراوی ڕەها(مگلق) ، كە ئەمە جگە لەوەی پپێشێلكاری بڕیار و دەسەڵاتی كۆنگرەیە".

سێ لیستی پارێزەرانی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا دژایەتی خۆیان بۆ شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی نوێ راگەیاندووە.


دەقی یاداشتی هاوبەشی لیستەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان 

  پاش تێپەڕبوونی چوارساڵ بەسەر وادەی هەڵبژاردنی سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیكای پارێزەران وە دواخستن و پەكخستنی ئەنجامدانی كۆنگرەی شەشەمی سەندیكا بۆ ماوەی دوو ساڵ لەژێر فشاری پارێزەران و گرتنەبەری چەندین ڕێوشوێنی مەدەنی دواجار لەڕۆژانی (31/10)و(1/11/2019) كۆنگرەی شەشەمی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان ئەنجامدرا، كە وێڕای سەرنج و تێبینیمان لەسەر كۆنگرەكە و بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی نوێنەرانی كۆنگرە لە لایەن بەشێكی زۆری پارێزەران، بەڵام دواتر لەپێناو بەرژەوەندی پارێزەران و پەكنەخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن هیچ  تانەیەكمان لە شەرعیەتی كۆنگرە و بڕیارەكانی نەدا و یەكێك لە بڕیارەكانی كۆنگرە دیاریكردنی ڕۆژی (28/11/2019) بوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان و دیاریكردنی شێوازی لیستی داخراوی ڕێژەیی بۆ هەڵبژاردن وە راسپاردنی  لیژنەی سەرپەرشتیاری كۆنگرە بۆ سەرپەرشتی كردنی پرۆسەی هەڵبژاردن ، بەڵام پاش تێپەڕبوونی دووساڵ زیاتر بەسەر وادەی دیاریكراو و چەندین جار دواخستنی وادەكە بەبێ پاساوی یاسایی و بە پێشێلكاری بڕیاری كۆنگرە (كەباڵاترین دەسەڵاتی سەندیكایە) لەلایەن لیژنەی سەرپەرشتیاری كۆنگرە كە لەزۆرینەیەكی یەكێتی و پارتی پێكهاتوون و هۆكاری سەرەكی دواخستنی هەڵبژاردنیش بۆ ئەم هەموو ماوەیە تەنهاو تەنها ڕێكنەكەوتنی هەردوو حیزب (پارتی و یەكێتی)ن ، لەسەر كاندیدانی لیستە هاوبەشەكەیان و بەكارهێنانی نوێنەرەكانیان لەناو لیژنەی سەرپەرشتیاری بۆ ئامانجی دواخستنی هەڵبژاردنەكە بووە ، كە ئەم لیژنەیە زۆرینەی ئەندامانی لەو دوو حیزبەن و بوونەتە هۆی بێ هیوابوونی پارێزەران لەپرۆسەی دەنگدان و زەوتكردنی ئیرادەی پارێزەران   ..

لەدوا پێشهاتدا و لەپاش ئەوەی ڕۆژی (10/3/2022) دیاریكرا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و لەكاتێكدا شێوازی هەڵبژاردن لە كۆنگرەدا بریاری لێدراوە كە بە (لیستی داخراوی ڕێژەیی) بێت ،  بەڵام دووبارە یەكێتی و پارتی لەڕێگەی نوێنەرەكانیان لەناو لیژنەی سەرپەرشتیاری كۆنگرە پیلانی ئەوەیان هەیە لەڕێگەی داواكاریەكەوە بەناوی لیستە هاوبەشەكەیان (لیستی برایەتی) بەدەر لە یاسا و بڕیاری كۆنگرەی پارێزەران  و خواست و ویستی ئیرادەی پارێزەران بۆ هەڵبژاردنی نوێنەری خۆیان ، شێوازی هەڵبژاردن بگۆڕن بۆ لیستی داخراوی ڕەها(مگلق) ، كە ئەمە جگە لەوەی پپێشێلكاری بڕیار و دەسەڵاتی كۆنگرەیە هاوكات زەوتكردنی خواست و ئیرادەی پارێزەرانە و هەوڵدانە بۆ سڕینەوەی هەموو دەنگ و ڕەنگێكی جیاواز لە خۆیان بۆیە ئێمە وەك هەرسێ لیستی بەشدار لە هەڵبژاردنی سەرۆك و ئەندامانی  ئەنجومەنی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان ڕایدەگەیەنین بەتوندی دژی هەرجۆرەبڕیارێكی لەو شێوەیەین و داواكارین لەهەموو لایەك هاوكارمان بن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ئازاد و شەفاف و بەوشێوازەی لە كۆنگرە بڕیاری لێدراوە. بە پێچەوانەوە هەموو فشارێكی مەدەنی دەگرینەبەر و دژی  هەركەس ولایەنێك بیەوێت خواست و ویستی پارێزەران زەوت بكات و بڕیاری كۆنگرە پێشیل بكات هەر لە چالاكی مەدەنی تا دەگاتە تۆماركردنی سكاڵا و پەكخستنی پرۆسەكە.

لە كۆتاییدا داواكارین لە ئەندامانی بەڕێز لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بریاردان لەو تانانەی خراوەتە بەردەستیان لەسەر ئەم بابەتە بە ڕۆڵی گرنگی خۆیان هەستن لە بەرگرتن لەم پیلانە بە بریاری یاسایی و یەكلاكەرەوە .
         
هاوكات داواكارین لە لیژنەی سەرپەرشتیاری  كۆنگرە بە ئەركی ئەخلاقی و پیشەیی و یاسایی خۆیان هەستن و وەك نوێنەری سەرجەم پارێزەران بە بێ جیاوازی كاری خۆیان بە بێ لایەنی ئەنجام بدەن و لە ژێر هیچ هەڕەشە و فشار و بیانویەكدا بریاری لەو شێوەیە نەدەن .

(لیستی سەربەخۆی پارێزەران)  
(لیستی پیشە بوونی پارێزەرایەتی )
( لیستی ئایندەی پارێزەران)



PM:05:29:05/03/2022