بەهۆی پێنەدانی مووچە چەند بەڕێوەبەرایەتییەک بایکۆتی دەوامیان راگەیاند

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بەهۆی دابەشنەکردنی مووچە لە شاری سلێمانی و هەڵەبجە و دەربەندیخان بەشێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکان بایکۆتی دەوامیان راگەیاند.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەک لە كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبا و شارەوانی نەخۆشخانەی عەلی کەمال لە شاری سلێمانی بەهۆی دواكەوتنی دابەشكردنی مووچەكانیان دەستیان بە بایكۆتی دەوام و خۆپیشاندان كرد.

هەر بەپێی زانیارییەکان، بەشێک لە كارمەندانی نەخۆشخانەی شەهید تۆفیق لە دەربەندیخان و كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیەكانی دیوانی پارێزگای هەڵەبجە و مامۆستایان و كارمەندانی پەروەردە و تەندروستی و كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی هەڵەبجە و چەند بەڕێوەبەرایەتیەكی دیكە دەستیان بە بایكۆت و خۆپیشاندان كرد.

هەرچەندە لە ئێستادا نرخی یەک بەرمیل نەوت لە سەروو ١١٨ دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەڵام هێشتا هیچ بڕیارێک بۆ وادەی دابەشکردنی موچەی مانگی ڕابردوو دیار نییە. 


AM:10:04:06/03/2022