د.ئارام برادۆستی: بە دوو ھەنگاو كۆمسیۆن كارا دەكرێتەوە

كۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان بە نووسراوێكی دیكە داوای كاراكردنەوەی كردووە و بەرپرسێكی كۆمسیۆنیش دەڵێت، بە دوو ھەنگاو كۆمسیۆن كارا دەكرێتەوە و ئامادەكاری بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات.

د. ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ھەولێری ھەڵبژاردنەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووە "كۆمسیۆن دوو جار بەفەرمی داوای كاراكردنەوەی كۆمسیۆنیان كردووە، چونكە كۆمسیۆنی ھەرێم دوو كێشەی ھەیە؛ یەكەم، ماوەی یاسایی بەسەر چووە و كێشەی دووەمیش دوو ئەندامی كەمە، كۆمسیۆن داوای كردووە ویلایەتی بۆ نوێ بكرێتەوە، ئەویش بە دوو قۆناغ كۆمسیۆن كارا دەكرێتەوە''.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، لە قۆناغی یەكەم دوو ئەندامی كۆمسیۆن، یەك پارتی و ئەوی دیكە توركمان شوێنیان بەتاڵە، دوو ئەندام لەلایەن پارتییەوە دیاری دەكرێن، لەبەرئەوەی پشكی پارتین و متمانەیان پێ دەدرێت، دواتر لەگەڵ حەوت ئەندامی ئێستا كە سەرجەمیان دەبێتە نۆ ئەندام لە پەرلەمان ویلایەتیان بۆ زیاد دەكرێت بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیكە بەو شێوەیە كۆمسیۆن كارا دەكرێتەوە.'

سەبارەت بە ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن، د. ئارام روونیكردۆتەوە "ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن كاتی پێویستە، لەبەر ئەوەی فەرمانی ھەرێمی ھەیە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە ١ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ و كات لەبەردەستدا نییە بۆ ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان.''



PM:04:36:07/03/2022