لیژنەیەكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رەخنە لە عەلوەی نوێ سلێمانی دەگرێت


لیژنەی پلان و پڕۆژەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنن "پڕۆژەی عەلوەی نوێی سلێمانی چەندین كەموكورتی تێدایە و نەدەبوو بەو شێوەیە پڕۆژەكە تەواو بكرێت و سەرەڕای ئەوەش چەند بەرپرسێكی باڵای حكومی ئامادەی رێوڕەسمی كردنەوەی بن".

رۆژی یەكشەممە بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ژمارەیەك بەرپرسی باڵا، عەلوەی نوێی رۆژئاوای سلێمانی لە ناوچەی تاسڵوجە كرایەوە.

لیژنەی پلان و پڕۆژەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە روونكردنەوەیەكدا رایانگەیاندووە "پرۆژەی عەلوەی رۆژئاوای سلێمانی هەر لەسەرەتاوە مۆڵەتی بۆ وەرنەگیراوەو بەنایاسایی دروستكرد كراوە، هەتا نزیكی كۆتایی هاتنی پڕۆژەكە ئینجا مۆڵەتی بۆ وەرگیراوە، لەبەرئەوەی پڕۆژەكە هەر لەسەرەتاوە مۆڵەتی كاركردنی نەبوو هیچ فەرمانگەیەكی حكومی و پەیوەندیدار نەیتوانیوە سەرپەرشتی بكات بۆیە نازانرێت كوالیتی پڕۆژەكە و ئەو مەوادانەی لەدروستكردنیدا بەكارهێنراوە لە چ ئاستێكدایە".

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە "بەهۆی نزیكی پڕۆژەكە لەكارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بەڕاپۆرتێك كاریگەری نەرێنی ژینگە و تەندروستی لەسەر هاوڵاتیان هەیە و شوێنی عەلوەكەیان بە نەگونجاو دەزانن، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بەنوسراوی فەرمی ڕەزامەند نیە بەپێدانی مۆڵەت بەپڕۆژەكەو داوای چاوخشاندنەوە بە پڕۆژەكەدا دەكات، چونكە هیچ مەرجێكی ژینگەیی و تەندروستی بۆ لەبەرچاو نەگیراوە".

لیژنەی پلان روونیكردۆتەوە "وەبەرهێنانی سلێمانی بەنوسراوی فەرمی داوای ئیجرائات دەكات و پێشنیاری ئەوە دەكات كە مۆڵەتی پێ نەدرێت چونكە لەئامادەكردنی پێداویستی مۆڵەتدا دواكەوتووە و زۆری پێچوە، ئێمەش سەرجەم ئەوەلیاتی ئەم پڕۆژەیەمان ئاڕاستەی داواكاری گشتی كردووە و داوای گرتنەبەری ڕێكاری یاساییمان كردووە، بەڵام هەتا ئێستا كەیسەكە یەكلانەبووەتەوە".

وەك لیژنەكە باسیكردووە "ئەوەی جێگەی سەرنجە چەند بەرپرسێكی حكومی لەئاستی باڵا ئامادەی افتیتاح كردنی پڕۆژەكە بوون، بۆیە پێمانوایە ئەمە جگە لە پەردەپۆشكردنی كەموكوڕیەكانی ناو پڕۆژەكە هیچ پاساوێكی تر هەڵناگرێت".




PM:11:34:07/03/2022