شاسوار عەبدولواحید: ئەم دەسەڵاتە تەنها قسەی زل دەکەن و خۆیان بەشێکی سەرەکین لە کێشەی ژنان

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کەمێک پێش ئێستا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئەم دەسەڵاتە تەنها قسەی زل دەکەن و خۆیان بەشێکی سەرەکین لە کێشەی ژنان". 

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ڕاگەیەندراوێکدا بە ناونیشانی (بۆچی دەسەڵاتی کوردی بەشێکە لە زیادبوونی تاوانەکان؟) ئاماژە بەوە دەکات" تەنانەت لە رۆژی جیھانی ژنانیشدا، ژنێک دەبێتە قوربانی لە کوردستان و بە ناحەق مافی ژیانی لێدەسەندرێتەوە، جگە لەوەی دەبێت ئێمە ھەموو تاوانێکی دژ بە ژنان ئیدانە بکەین، کە بەداخەوە بەشێک لە ھۆکارەکانی دژە ژنبوون نەریتی خراپ و ھەروەھا ھەستی نامرۆڤانەیە، لە ھەمانکاتدا دەبێت دەسەڵاتی کوردیش رووبەڕووی لپێچینەوە بکەینەوە". 

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێی وایە، ژنکوژان بەدەگمەن دەستگیردەکرێن یاخود دواتر ئازاد دەکرێن، ئەوەشی خستووەتەڕوو" ئەم دەسەڵاتە لە ماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا کار لەسەر گۆڕینی تێڕوانینی یاسا باوەکان بکات و بەجدی هەوڵی بنبڕکردنی جیاکاری بەرامبەر ژنان بدات، بەڵکو تەنها قسەی زل دەکەن و خۆیان بەشێکی سەرەکین لە کێشە".

باس لەوەش دەکات، ھەر ژنێک لە بواری سیاسەت یاخود بوارێکی تردا دەربکەوێت و ئەگەری ئەوەی ھەبێت ببێتە سەرکردە، ئەوا دەسەڵات و میدیا و سۆشیالمیدیاکەی دەسەڵات دەکەونە شکاندنی ئەو ژنانە و ھێرشکردنە سەریان و تیرۆکردنی کەسایەتییان.

شاسوار عەبدولواحید لە کۆتایی پەیامەکەیدا داواش دەکات" رێز لە ژنانی کورد بگیرێت و یاسا سەروەر بکرێت و هاوکاری ژنان بکرێت بۆ ئەوەی کاراتربن لە کەرتی ئابوری و بازرگانیدا و هاوشانی پیاوان بتوانن پشت بە خۆیان ببەستن و سەربەخۆ بن و بتوانن جڵەوی ژیانیان بگرنە دەست هاوشانی پیاوان".


PM:03:53:08/03/2022