پارێزگای سلێمانی لەبارەی نرخی نان و بەنزین و غاز ژماره‌یه‌ك بڕیاری ده‌ركرد

ژووری ئۆپراسیۆنەکانی چاودێری ئابوری پارێزگای سلێمانی كۆبووەوە و ڕایگەیاند" بڕێک ئارد بێ بەرامبەر بۆ هەر نانەواخانە و سەمونخانەیەک دابیندەکرێت". 

ئەمڕۆ سێشەممە، ژوری ئۆپراسیۆنەکانی چاودێری ئابوری  پارێزگای سلێمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ ژوری ئۆپراسیۆنەکانی چاودێری ئابووری پارێزگای سلێمانی، پاڵپشت بە بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ڕۆژی (٩/ ٣/ ٢٠٢٢)ی ئەنجومەنی وەزیران و ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بە دۆخی بازاڕ لە (١٣/ ٣/ ٢٠٢٢)دا، بە سەرپەرشتی پارێزگاری سلێمانی و بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بە بەشداری قائمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، تایبەت بە دابینکردن و گواستنەوە و هێنانە ناوەوە و هەڵگرتن و خستنەڕوو و کوالێتی و قەبارە و نرخی پێداویستیە سەرەکیەکانی هاووڵاتیان و چاودێریکردنی بازاڕ، لە پێناوی پاراستنی ئاسایشی خۆراک و پێداویستیەکان و بەرژەوەندیی گشتیدا، کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا:

یەکەم: جەخت کردنەوە لەسەر یاداشتی پارێزگاری سلێمانی بە نووسراوی پارێزگای سلێمانی/ نووسینگەی تایبەت ژمارە (25) لە (13/ 3/ 2022)ی تایبەت بە پێشنیازەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم بارودۆخانە، کە هاوپێچی ئەم نووسراوە کراوە.

دووەم: لە ڕۆژی (15/3/ 2022)وە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانیەوە بە هەماهەنگیی قائمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابوریی لەو (5) بەنزینخانەیەی بۆ دابینکردنی بەنزینی پشتیوانیکراو لە سنوری شاری سلێمانیدا دیاریکراوە ڕۆژانە (1) بەنزینخانە بۆ ئۆتۆمبێلی ژمارە تایبەت و، (2) بەنزینخانە بۆ ئۆتۆمبێلی تاکسی، ڕۆژێک بۆ ژمارەی تاک و ڕۆژێک بۆ ژمارەی جوت و، (2) بەنزینخانە بۆ پاسەکانی هێڵی گواستنەوەی گشتیی تەرخان دەکرێت.

سێیەم: بە دەستپێشخەریی بازرگانان و ژوری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی بڕێک ئارد بێ بەرامبەر بۆ هەر نانەواخانەو سەمونخانەیەک دابیندەکرێت، لیژنەکانی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابووریی، ڕێکاری پێویست بۆ ئەم مەبەستە دیاریدەکەن. 

چوارەم: بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە کۆمپانیای دابینکردنی غاز دەکرێت، کە پابەندی تەواوی ناوەڕۆکی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران پەیوەست بە دابینکردنی پێداویستی هاوڵاتیان و دابینکردنی غاز بە نرخێکی پشتیوانیکراو بۆ نانەواخانەکان، بێت.

پێنجەم: داوا لە هەمو وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کرا، بۆ جێبەجێکردنی کرداریی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ، پێویستە دەسەڵاتی تەواو بەپێی تایبەتمەندیی وەزارەتەکانیان بۆ بەڕێوەبەرێتی گشتیی و بەڕێوەبەرێتی پارێزگاکان داببەزێنن، بۆ ئەوەی بتوانن ڕۆڵی کارای خۆیان لە چارەسەرکردنی ئەم دۆخەدا ببینن.

شەشەم: ژوری ئۆپراسیۆنەکانی چاودێریی ئابوریی، دەسەڵاتی تەواو دەدات بە سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان، کە سەرۆکایەتیی لیژنەی هاوشێوە لە یەکە کارگێڕییەکانیاندا بکەن بەهەماهەنگیی فەرمانگا پەیوەندیدارەکانیان لە سنورەکەیانداو چاودێریی وردی قەبارەی خستنەڕوو و کوالێتی و نرخی کاڵاکان بکەن و رێکاری یاسایی بەرامبەر قۆرخکارو سەرپێچیکار بگرنەبەر.

حەوتەم: پێویستە ڕێگری و بەربەستی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان هەڵبگیرێت لە جوڵەپێکردنی کاڵاکان و بەرهەم و پێداویستیە کشتوکاڵیی و پەلەوەریی و ڤێتێرنەرییەکانداو دەرفەتی هاوسەنگ و هاوبەش بۆ هەمولایەک فەراهەم بکرێت بەبێ جیاوازیی.

هەشتەم: دیاریکردنی ڕەسید لە وەزارەتەکانەوە بۆ پێداویستیە سەرەکییەکان لاببرێت و، چاودێریکردنی کوالێتی و نرخ بکرێتە بنەما.

نۆیەم: ڕێگا بە کێڵگە پەلەوەرییەکان بدرێت خۆیان پێداویستیەکانی خۆیان بەپێی توانای بەرهەمهێنانیان لە دەرەوەو ناوەوەی وڵات دابین بکەن.

دەیەم: پێویستە ئەو بانکە ئەهلییانەی دۆلار بە نرخی فەرمیی لە بانکی ناوەندیی عیراق وەردەگرن، بەپێی مانیفێستی فەرمیی داخڵکردنی کەرەستە خۆراکییە سەرەکییەکان، دۆلار بۆ بازرگانان بە نرخی فەرمیی دابینبکەن.

یانزەیەم: داوا لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بکرێت فەرمانبەری پێویست بۆ فەرمانگاکانی (چاودێری بازرگانی، دابەشکردنی ئارد، دابەشکردنی خۆراک) دابین بکەن و پشتیوانیی دارایی و تەکنیکییان بکەن بۆئەوەی بتوانن بەباشترین شێوە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.


PM:04:25:15/03/2022