لە سنووری قەزای ئاکرێ هاوڵاتییەک بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا

‌دیمەنێکی سنوری قەزای ئاکرێ
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە سنوری قەزای ئاکرێ بەهۆی کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی هاوڵاتییەک بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو. 

رەشید محەمەد بەڕێوەبەری پۆلیسی ئاکرێ رایگەیاند" ئێوارەی ئەمڕۆ هاوڵاتییەک بە ناوی (ع، ح، ب) کە موختاری پێشووی گوندی باکورمان سەر بە قەزای ئاکرێ بووە، بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا، هەروەها کەسێکی دیکەش بەهۆی ڕووداوەکەوە بریندار بووە".

ئەوەشی خستەروو، رووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتییەوە بووە، ئەو کەسەشی کە بریندار بووە شۆفێر بووە و کاتی رووداوەکە لەگەڵ قوربانییەکەدا بووە، بەڵام لە ئێستادا باری تەندروستی جێگیرە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا بکوژەکە دەستگیر نەکراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوام دەبن. 


PM:06:42:18/03/2022