هاتووچۆی سلێمانی پلانی ڕۆژانی نەورۆزی بڵاوکردەوە

لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی پلانی ڕۆژانی نەورۆزی ڕاگەیاند و دەڵێت" سەرجەم كامێراكانی چاودێری خێرای لە ناوشار و ڕێگاوبانەكانی دەرەوە و ناوچە گەشتیارییەكان دادەنرێن". 

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەكردووە" ڕیار دراوە بە لابردنی ئەو لەمپەڕە پلاستیكییانەی بەردەم بازگە و خاڵەكانی پشكنین (بەشێوەیەكی كاتی) بەمەبەستی نەهێشتنی دیاردەی قەتیس بوون و ڕیزبەندی ئۆتۆمبێلەكان لە كاتی گەڕانەوەی شۆفێران لە سەیرانگاكاندا". 

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، سەرجەم کامێراکانی چاودێری خێرای لە ناوشارو ڕێگاوبانەکانی دەرەوەو ناوچە گەشتیارییەکانی دەستنیشان کراوەو بە خشتەیەک دادەنرێن.

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

ئاگادارییەك لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانییەوە

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بە گەرمی پیرۆزبایی یادی ڕاپەڕین و جەژنی نەورۆ دەكات لە سەرجەم هاوڵاتیانی كوردستان، لەم چوارچێوەیەشدا بەڕێوەبەرایەتیمان و پاش زنجیرەیەك لە كۆبوونەوە و بە سەرپەرشتی بەڕێز بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەری بەش و هۆبە و بەڕێوەبەرێتییەكانی ناوشار و دەرەوەی شار و سەرجەم ئەو ناوچانەی كە گەشتیار و سەیرانگاكان و هاوڵاتییان بە گشتی ڕووی تێدەكەن، بە پلانێكی تۆكمە و گونجاو و دیراسەكراو ئەركەكانی دابەش كردووە بەڕەچاوكردنی هەموو ئەگەرە هاتووچۆییەكان و بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و گەشت و گوزار. هەروەها بۆ نەهێشتنی دیاردەی سەركێشی و دیاردەی خێرایی كە هۆكاری ڕووداوە نەخوازراوەكانە، سەرجەم كامێراكانی چاودێری خێرایی لە ناوشار و ڕێگاوبانەكانی دەرەوەو ناوچە گەشتیارییەكانی دەستنیشان كردووە و بە خشتەیەك دادەنرێن لەگەڵ لابردنی ئەو لەمپەڕە پلاستیكییانەی بەردەم بازگەو خاڵەكانی پشكنین (بەشێوەیەكی كاتی) بەمەبەستی نەهێشتنی دیاردەی قەتیس بوون و ڕیزبەندی ئوتومبیلەكان لەكاتی گەڕانەوەی شۆفێران لە سەیرانگاكاندا.

وێڕای كاراكردنی تیمی فڕۆكەوانی هاتووچۆی سلێمانی بۆ چاودێریكردنی ڕەوشی هاتووچۆ و پێدانی زانیاری دۆخی قەرەباڵغی ڕێگاوبانەكان بە كۆنترۆڵی هاتووچۆ بەمەبەستی چارەسەری خێرا و گونجاو بۆ هەر پێشهاتێك.

بەرچاوڕوونی تەواو دراوە بە ئەفسەران و كارمەندانی هاتووچۆ بە هاوكاری تەواوی هاووڵاتییان بە گشتی و بە شۆفێران بە تایبەتی، هەماهەنگی كردن لەگەڵ سەرجەم دام و دەزگاكانی ڕاگەیاندن لەم ڕووەدا.

داواكارین لە شۆفێرانی بەڕێز و خۆشەویست هاوكارمان بن لەسەرخستنی پلان و كارەكانمان كە ئامانجی سەرەكیمان فەراهەمكردنی ڕەوشێكی هاتووچۆیی لەبار و ئارام و سەلامەت بە پابەندبوونیان بەكۆی گشتی یاساو ڕێنماییە هاتووچۆییەكان و خۆیان بەدووربگرن لە خێرایی لێخوڕین وە مەیخواردنەوەی شۆفێران بەتایبەتی.

لەكاتی پێویستدا دەتوانن سوود لەم ژمارانەی لای خوارەوە وەربگرن بەمەبەستی چارەسەركردنی گرفت و لابردنی
كۆسپەكانتان.

١٨٨ كۆنترۆڵی هاتووچۆی سلێمانی
١٠٠ سەنتەری هەماهەنگی ڕێكخەری پەیوەندییەكان JCC
١٠٤ پۆلیسی فریاكەوتن
١٠٦ ئاسایش
١١٥ بەرگری شارستانی
١٢٢ فریاگوزاری تەندروستی

بەهیوای سەلامەتی و بەختەوەری بۆ هەمووان

راگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانی


AM:11:22:19/03/2022