رێگەیەكی نوێ بۆ گەڕان بەدوای سێ گەنجەكەی ماوەت دەست پێدەكات


قایمقامی قەزای ماوەت رایدەگەیەنێت، لە رۆژی چوارشەممەوە تیمێكی مەلەوانی خاوەن ئەزموون لە تەقتەقەوە دێنە ماوەت بۆ گەڕان بەدوای ئەو سێ گەنجەی كەوتونەتە ناو ئاوەكەوە.

كامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە لە ئێوارەیەكی درەنگ وەختدا، سێ گەنج بە ناوەكانی (هەڵكەوت نوری) و (كۆسار نەوزاد) و ( دەروون ڕەوف) كەوتنە نێو چەمی خەمەڵوكە لە خوار قەزای ماوەت، هەر لە شەوی رووداوەكەوە هەڵمەتی گەڕان بە دوایاندا دەستی پێكرد.  

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، رۆژی سێشەمە لەلایەن تیمەكانی غەواس و تیمی فڕۆكەوانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی و كەسوكارو خەڵكانی خۆبەخش و دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایشی قەزای ماوەت، هەڵمەتی گەڕان بەردەوام بوو. بەڵام بە هۆی خوڕی و خێرایی چەمەكە و ساردی ئاوەكە و سەختی شوێنی چەمەكە، نەتوانرا سۆراغیان بكرێت.  

كامەران حەسەن دەڵێت "بە داخەوە كە ئەم سێ گەنجە چوونەتە شوێنیكی مەترسیدار كە هەرگیز ئەو شوێنە شوێنی سەیران و گەشتیاری نەبووە و تەنانەت ڕێگای گەیشتن بەو شوێنەش زۆر سەخت و مەترسیدارە".  



AM:12:44:23/03/2022