بۆ دەنگ کۆکردنەوە ڕێبەر ئەحمەد سەردانی کوڕی سوڵتان هاشم و سۆران عومەر دەکات

بە مەبەستی دەنگ کۆکردنەوە ڕێبەر ئەحمەد، كاندیدی هاوپەیمانی (ڕزگارکردنی نیشتیمان)ی سەدر و حەلبوسی و پارتی سەردانی کوڕی فەرماندەیەکی سەربازی پێشووی سەردەمی ڕژێم و، هەروەها نەیاری سیاسی سۆران عومەری دەکات. 

لەمبارەیەوە نوسینگەی ڕاگەیاندنی خالید سوڵتان هاشم لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" کاندیدی هاوپەیمانی سێ قۆڵی سەردانی خالید سوڵتان هاشمی کرد، لە دیدارەکەدا باس لە گرنگی بەردەوامی پەیوەندی نێوان هەموو لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کە بتوانێت یاسا جێبەجێ بکات و شکۆ و سەروەری دەوڵەتی عێراق بپارێزێت کرد". 

هاوکات لای خۆشییەوە سۆران عومەر سەرۆكی فڕاكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند" ‎لە شاری بەغدا پێشوازی لە ڕێبەر ئەحمەد کاندیدی سەرۆک کۆمار و شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و فارس عیسا نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغداد کردوە، لە دیدارەکەدا باس لە کۆبوونەوەی (٢٦)ی مانگی پەرلەمان و دۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان کرا". 

بەپێی زانیاریەکان هێشتا کۆمەڵ بریاری یەکلای نەداوە بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنی ڕۆژی شەممە.

بڕیارە سبەینێ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق بەڕێوە بچێت، لە ئێستادا جوڵە سیاسیەكان لە بەغداد خێراتر بوونە.


AM:11:55:25/03/2022