ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە


ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی رایدەگەیەنێت "جارێكی تر دەسەڵاتی شكستخواردوو لەجیاتی وەڵامدانەوەی داخوازییە ڕەواكانی مامۆستایان لەڕێگەی بەڕێوەبەری پەروەردەكانەوە پەنای بردەوە بۆ هەڕەشە و ترساندن بۆ شكاندنی بایكۆت". 

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندوە "بەداخەوە جارێكی تر دەسەڵاتی شكستخواردوو لەجیاتی وەڵامدانەوەی داخوازییە ڕەواكانی مامۆستایان لەڕێگەی بەڕێوەبەری پەروەردەكانەوە پەنای بردەوە بۆ هەڕەشە و ترساندن بۆ شكاندنی بایكۆت و بەزۆر بردنەوەی مامۆستایان بۆ ناو ناوەندەكانی خوێندن".  

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ئاماژەی بەوەكردووە "بۆیە لێرەوە ڕایدەگەینن زمانی هەڕەشە بەهیچ شێوەیەك مامۆستایان سارد ناكاتەوە لە هەڵۆێستەكانیان و ئەو جۆرە هەڕەشانە خزمەت بە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن ناكات، مامۆستایانیش دڵنیا دەكەینەوە بەدواداچونی تەواو دەكەین بۆ ئەو جۆڕە هەڕەشانە و ڕێگە نادەین شكۆ و ڕێز و داوای ڕەوای مامۆستایان پێشێل بكرێ".  

بەپێی زانیارییەكانی (ٍسپی) كە لە بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی سلێمانی دەستی كەوتوون، ئەو بەڕێوەبەرێتییە بەڕێوەبەری قوتابخانەكانی ئاگاداركردۆتەوە كە بۆ تەواوكردنی ساڵی خوێندن چەند هەفتەیەكی ماوە، قوتابیان و خوێندكاران چاوەڕوانی تەواوكردنی ساڵێكی خوێندنن، بۆیە دەستخۆشی لەمامۆستایان دەكەن بەپابەندبوونیان بە دەوامەوە سەرەڕای هەبوونی قەیران وبێدادی، بەڵام پرۆسەی خوێندن تووشی كێشەی ڕاگرتن ناكەن.

پەروەردەی رۆژهەڵات وتویەتی "داواكارین بۆ ئەوەی هەوڵ و ماندووبوونی مامۆستایان لەبەرچاو بگیرێ بەزووترین كات ناوی ئەو مامۆستایانەی ئامادەنین دەوام بكەن بە نوسراو بەرز بكەنەوە لەڕێگەی سەرپەرشتیاری هاوڕێی ڕەخنەگر بۆ پەروەردە، بەهیوای پابەندبوونی تەواوی مامۆستایانین لەناوەندەكانی خوێندن، چونكە ناخوازین هیچ كەس لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ بكرێت، چونكە "قەیرانی بێمووچەیی بەڕاگرتنی دەوام چارەسەر نابێت و زەرەرمەندی سەرەكیش قوتابیان و خوێندكاران دەبن".

لە سەرەتای ئەم مانگەوە بەهۆی دواكەوتنی دابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتەوە، ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بڕیاریدا بە راگرتنی دەوام تا دابەشكردنی موچە، ئەوەش لە كاتێكدایە لە ئەمڕۆوە دەوام دەستی پێكردۆتەوە.



PM:11:36:26/03/2022